خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات
ڕۆژهەڵات و نیکرۆپۆلەتیکی دەوڵەت (٤-٣)
د. ئەحمەد محەممەدپوور
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: گەلاوێژ سۆفی
ئاماژە: خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات توێژینەوەیەکی د. ئەحمەد محەممەدپوورە پێوەندیدار بە پرسێکی سیاسی، ئابووری، نەتەوەیی ڕۆژەڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەک لە بەشی بەرایی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی سەروەری و تووندوتیژی، بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان دۆخی ناسەقامگیریی و شوێنگیری و سیاسەتی مەرگ دەکات کە لە پراکتیکی کاری سنووربەزاندنی کورد، یان کۆڵبەریدا بەرجەستە بووە. توێژەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەتی ئێران گوتاری سنووری ئەمنییەتی وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دۆخی هەڵاواردنی هەمیشەیی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا جێگیردەکات، کورد بە پێگەی مەمرە و مەژی لەڕێگەی سەپاندنی پراکتیکی ناجێگیری کاری مەرگ مەحکوم دەکات. جگە لەوەش، ئەم لێکۆڵینەوەیە سنوور وەک ئەرشیفێک دەخاتە ڕوو کە تۆمارەکانی سیاسەتی مەرگی دەوڵەت تێیدا دانراون و دەپارێزرێن و ئاشکرادەکرێن لەژیانی کۆڵبەرەکاندا.
"کوردستان" بەشە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە پێنج بەشدا بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە و لە کۆتاییدا هەموو توێژینەوەکە بەیەکەوە لە "کوردستانمیدیا" دادەنرێت.
***
سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە کورد، کە بە دامەرزراندنی دەوڵەتی پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٥ دەستی پێ کرد، لەژێر حوکمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چڕتر بووەوە. دەوڵەت بە ناچارکردنی ڕۆژهەڵات بە دۆخێکی جیاکاری هەمیشەیی، سیاسەتی نێرکرۆپۆلەتیکی خۆی یان سیاسەتی مەرگی سەپاندووە. کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی نەکرۆپۆلەتیک لەڕێگەی پرۆسەی زاڵبوون و ڕەگەزپەرستی و توندوتیژییەوە گرێ دراون کە تایبەتمەندی هەردوو چەمکەکەیە. هەروەک دەردەکەوێت، ئامانجی نەکرۆپۆلەتیکی کۆڵۆنیالیزمی نێوخۆیی دەوڵەت ئەوەیە کە سارا ڕۆی (١٩٩٥، ٦) بە دژە پەرەپێدان ناوی بردوە: پرۆسەیەک کە بەهۆیەوە دەسەڵاتی هەژموونگەرا کۆمەڵێک ستراتیژی بەرپەرچدانەوە بەکاردەهێنێت بۆ بەمەبەست ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئابووری ناوخۆیی و تێکشکاندن و لەناوبردنی توانای توخمە بەرهەمهێنەرەکان . دەوڵەت بەنیازە لە ڕێگەی سیاسەتی دژە پەرەپێدانی ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە سرووشتی و مرۆییەکانی ڕۆژهەڵات بسڕێتەوە. ئەم دۆخە ئابووری-سیاسییە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کورد پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن.
دەتوانین سیاسەتی دژە پەرەپێدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵات دابەش بکەین بۆ چوار قۆناغ: ئەوەی لە ئەجێندای دەیەی یەکەمی حوکمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زاڵ بوو، بە میلیتاریزەکردنی کەشی کوردستان بوو. بە ئەمنییەتیکردنی ڕۆژهەڵات بە ڕاگەیاندنی شەڕی پێرۆز (جیهاد) لەلایەن خومەینیەوە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە دژی کورد دەستی پێ کرد و لە ئەنجامدا داگیرکردنی سەربازیی تەواوی شارەکانی کوردستانی لێکەوتەوە، کە تا ساڵی ١٣٦١ بەردەوام بوو. پاش ئەوەی کە دەکرا پێی بوترێ فەتحکردنی ڕۆژهەڵات، دەوڵەت لە ڕێگەی هاندانی دارایی و سیاسییەوە دەستی کرد بە وەرگرتنی خەڵکی ناوچەکە بۆ فەوجە نیمچە سەربازییەکان بەناوی بەسیجی مەرزبان. لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق (١٣٥٩-١٣٦٧) هەزاران کورد لە دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتدا جێگیرکران. بۆ جێبەجێکردنی جاشگەراییەکەی ڕێژیم دەستی کرد بە سەرمایەگوزاری لە جیاوازییە کولتووری و زمانەوانییەکانی نێوان پێکهاتەی سۆرانی و هەورامی لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵات. بەم شێوەیە بەکارهێنانی خەڵکی زاراوەیەکی تایبەت لە زانیاری هەوڵگری و بارودۆخی ئیداری و بەکارهێنانی ئەم هاوکارییە لە ناوچەیەکی تردا تا بە شێوەیەکی جیاواز تۆوی ڕق و کینە و دوژمنایەتی لەنێو پێکهاتە کوردیەکان بچێنێت.
دەیەی دووەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شایەتی گۆڕانکارییەکی بەردەوام لە بە سەربازیکردنەوە بەرەو بەئەمنیەتیکردن بوو. لەکاتێکدا بەسەربازیکردن داگیرکاری جەستەیی فەزای کوردی لەخۆ دەگرت، بە ئەمنییەتیکردنی بواری زیهنیی کردە ئامانج بەگرێدانی کورد و کوردبوون بە هەڕەشە ئەمنییەتییەکانەوە. بەئەمنییەتیکردن پەیوەندییەکی نیزیکی بەسەرهەڵدانی دۆخی هەڵاواردنەوە هەیە لە ڕۆژهەڵات، کە لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراقدا سەری هەڵدا. ئیستثناگەرایی لە ئاستی ئۆرگانە دامەزراوەییەکان، دەسەڵاتی پێناسەکردنی حاڵەتە کتوپڕەکان و ڕێنمایی بۆ وەڵامدانەوە ئاسایشییەکانیان پێ دەبەخشین. بنیاتنانی هەڕەشەی بوونگەرایی لەسەر یەکیەتیی نیشتمانی لە ناوەندی ئەم سیاسەتەدا وەستاوە، کە پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازی نائاساییە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵات و ڕێگە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات شەرعیەت بە هەڵپەساردنی یاسایی و دادوەریی بەبیانووی ئاسایشەوە بدات. ئەم پارادایمە بەردەوام فراوانبووەی ئاسایشی فەزای کوردستان، ڕێگە بە دەوڵەت دەدات هێرشی ڕۆژانەی خۆی بۆسەر کۆڵبەران ئەنجام بدات لەژێرناوی پاراستنی سنوورەکان و ئابووری نیشتمانی. وەک یەکێک لە کۆڵبەرەکان دەڵێت: دەتوانن تەقەت لێ بکەن تەنها لەبەر ئەوەی سنوور دەبەزێنیت؛ ئەوان هەموو ڕۆژێک بە بارەکانمانەوە دەمانبینن، دەمانناسن و دەتوانن بمانگرن و بارەکانمان ببەن، بەڵام ڕێگەیان پێ دراوە تەقە بکەن.
سیاسەتی ئەمنییەتگەرایی بەشێوەیەکی سیستماتیکی بەشێکی زۆری هێزی کاری ئابووریی کوردی لەنێو برد و ڕێگەی خۆش کرد بۆ لابردنی توانای ئیداری و ئابووری نێوخۆیی. گۆزینش (وەزارەتی هەڵبژاردن) اطلاعات (دەزگای هەواڵگری) دوو ئامرازی ئاسایشی سەرکوتکەرن کە وەک قۆڵی ئەمنییەتی ڕێژیم لەسەرانسەری وڵاتدا کار دەکەن، بە چوونە ناو بازنەی خوێندنی باڵا و کارکردن لە کەرتە ئیداریی و جێبەجێکارەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تەنیا کەسانی دڵسۆز و پابەند بە ڕێژیمەوە دامەزراون. بەشی گۆزێنیشی لقەکانی خۆی فراوانتر کرد لەنێو هەموو ڕێکخراوە و دامودەزگاکاندا، لە قوتابخانەکانەوە بۆ شارەوانییەکان. ساڵانی ١٣٥٧ و ١٣٦٩ لووتکەی هەڵەکانی بەشەکە بوو بۆ سڕینەوەی خوێندکار و مامۆستای ناشایستە .
داماڵینی ڕەسەنایەتی پرۆژەیەکی کۆڵۆنیالییە کە نەک تەنها بۆ تێکدانی کولتوور و زمان و شوناسی ڕەسەن داڕێژراوە، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنانی سوژەی کۆڵۆنیالی نوێیە کە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بەناوخۆیی دەکات و بەرگری لێ دەکات. هەروەک مەحموود مەمدانی و ئێدوارد سەید دەڵێن، کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێ مەرج نییە پێویستی بە دانیشتووان هەبێت. بەڵکوو دەتوانێت لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا کادر دروست بکات. لە ڕۆژهەڵات ئەم سیاسەتە نەک هەر بووەتە هۆی زیادبوونی حکوومەت لەشێوەی بەرپرس و کارمەنددا، بەڵکوو ئەو نوخبە و کادری لۆکاڵی ساختەی دروست کردووە کە ناوەندی پاکسازی هێزی کاری توخمی نەخوازراو بوون لە ڕۆژهەڵات. ئەم نوخبە نێوخۆییانە بوونە چینێکی بۆرژوازی نێوخۆیی کە بە نۆ-کیسە یان ملیاردێری یەک شەوە (بە تومان) ناسراون، کە بڕێکی زۆر سامانیان کۆ کردۆتەوە لە ڕێگەی مامەڵە ئابووری و سیاسیەکان لەگەڵ دامودەزگا نیمچە مافیاکانی دەوڵەتدا بەتایبەتی ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم پاکتاوکردنە پرۆفایلی کولتووری و پەروەردەیی ڕۆژهەڵاتی وێران کرد، بەتایبەتی لە ناوچە سوننە-کوردییەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان و باشووری کرماشان کە زۆرێک لە خوێندکارانیان پێش زانکۆ یان وەرگرتنیان لە زانکۆ لێ قەدەغەکراوە یان مافی دامەزراندنیان لێ زەوت کرا لە ناوەندە فەرمی و پەروەردەییەکان یان داواکاری قەرزیان بۆ دەستپێکی بازرگانی ڕەت کراوەتەوە. سیاسەتی داماڵینی ڕەسەنایەتی لەڕێگەی دامەزراندنی دانیشتووانی غەیرە کورد لە ڕۆژهەڵات جێبەجێ کراوە، دەست بە داماڵینی کورد لە فەزای کوردبوون کراوە و دانیشتووان ناچار کراون بەدوای کاردا بگەڕێن لە دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکان یان پەنا بۆ کۆڵبەری ببەن وەک ئامرازێک بۆ بژێوی ژیان.
دەیەی سێیەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت وەک سەردەمێک سەیر بکرێت کە ژێرخانی وەبەرهێنانی ڕۆژهەڵات بەمەبەست هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەم پرۆسەیە بە داماڵینی دامەزراوەیی ناسراوە کە سنووردارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەو دامەزراوانەی لەخۆ گرتبوو کە پشتگیری لە وەبەرهێنانی درێژخایەن و گەشەی ئابووری دەکرد. ئامانجی ئەوە بوو کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران لاواز بکات و توانای گەشەپێدانی نێوخۆیی خۆی لێ بستێنێتەوە.
بۆ نموونە پارێزگای ئیلام خاوەنی گەورەترین کانگای قیر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەکۆی ١٧ کانی قیر تەنیا ٧ کان چالاکن؛ ٢٧.٥%ی پیشەسازییەکانی ئیلام بەتەواوی ناچالاکن و ٣٠%یان بە نیوەی توانا کاردەکەن. زۆرینەی دانیشتووانی ئیلام لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. جگە لەوەش پارێزگای کوردستان خاوەنی گەورەترین یەدەگی زێڕە لە ئێران کە ٧٠ ملیۆن تۆنە. لە هەمانکاتدا، کەرتی پیشەسازی و کانزاکان گەشەیان نەکردوە. بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای کوردستان بەرزترین ڕێژەی بێکاری هەیە (١٣.٨%)، لەکاتێکدا پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە ڕۆژهەڵاتی ئێران کەمترین ڕێژەی بێکاری هەیە (٤.٩%). ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆڵبەرێک دەڵێت بەشی ئێمە لەم زێڕە تەنها گوللەیە. بەگوێرەی لێدوانی ئەندامانی پەرلەمان لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار کە کۆڵبەری تێیدا باوە، ٩٠%ی پیشەسازییەکانی ئەوێ داخراون. بۆ نموونە لە شاری سەردەشت ٢٠%ی دانیشتووان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ترێن، بەڵام بەرهەمەکانیان بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنان لەژێرخانی ئەم شارەدا دەگوازرێنەوە بۆ شارە غەیرە کوردەکانی وەک ورمێ و تەورێز. بەڵکوو دەوڵەت لەژێر پەردەی بەرەنگاربوونەوەی بێبەشکردن، دامەزراوەی خێرخوازیی سەربازی دامەزراندووە. لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە ئابووری ناوخۆییدا بکەن، ئەم ڕێکخراوانە هاوکاری ئابووری بچووک پێشکەش دەکەن لەبەرامبەر دڵسۆزی بۆ دەوڵەت، بەمەش پێگەی ڕێژیم لەنێو کۆمەڵگە لاوازەکانی ڕۆژهەڵاتدا مسۆگەر دەکەن. نموونەی ئەم جۆرە گرووپە چاودێریکەرانە جهاد سازندگی (جیهادی بیناسازی)، ستاد اجرایی، کمیتە امداد (کۆمیتەی هاوکاری)، بنیاد شهید (دامەزراوەی شەهیدان) و بنیاد مستضعفان (دامەزراوەی ستەملێکراوان و کەمئەندامان).
دەیەی چوارەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیاسەتی لەناوبردن و تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات ناسراوە، هەرچەندە بێ پێشینە نییە، بەڵام ئەم ستراتیژی گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ناوچە ناکوردییەکان لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە، بەنداوی داریان لە ڕۆژهەڵات کە لە ساڵی ١٣٩٧ تەواو بووە، ئاوی ڕووباری سیروان- کە لە ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت- دەگوازێتەوە بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاستی ئێران بۆ ئاودێریی و خواردنەوە. لەم ساڵانەی دواییدا، دەوڵەت دەستی کردوە بە گواستنەوەی خاکی بەپیت و کانزا لە ڕووباری سەردەشتەوە. لەوەش زیاتر، قەبارەی بڕینەوەی دارستانەکان لە ناوچە کوردییەکان زۆر ترسناکە. لە هاوینی ١٣٨٩دا، کە لەلایەن کۆمەڵەی ژینگەپارێزیی کورد بە هاوینی ڕەش ناسراوە، ٢١٠٠ ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی مەریوان و سەروئاباد تۆمار کراوە. ئەم هێرشە کارەساتبارانە بۆ سەر ژینگە و سەرچاوەکان زیاتر ژێرخانی ئابووری ڕۆژهەڵاتی لاوازکراوی لاوازتر کردوە. ئەمەش لە وتەکانی کۆڵبەرێکدا ڕەنگ دەداتەوە:
پێویست ناکات زۆر دوور بڕوانیت. ڕاستییەکە ڕوونە: ئەوان هەموو شتێکیان لە ئێمە بەتاڵان بردوە، ژیانمان، ئاومان، خاک و تەنانەت بەردەکانیشمان، ئێمە لە هەموو لایەکەوە تاڵان دەکرێین تا عەجەمەکان (غەیرە کورد/فارس) بتوانن بە خۆشی بژین. هەر کۆڵبەرێک کە لە ماڵەکەی دەچێتە دەرەوە بۆ کۆڵبەری، دەبێت ئامادە بێت بۆ مردن. مردن بۆ ئێمە بووە بە نەریت. سەرسام دەبین ئەگەر ڕۆژێک واز لە کوشتنمان بهێنن. بۆچی؟ چونکە ئێمە کوردین و ئەوەش لەچاوی ئەواندا تاوانە. وەک ئاژەڵ مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن؛ ئەوان هەرگیز دۆستی ئێمە نەبوون و نابن.
ئەم وتانە وێناکردنی ئەوەیە کە "ئان ئاگوست" بە داراییکردنی ژیان ناوی دەبات، ئابوورییەکی بایۆلۆجی کوشندە کە زیادەی بوارێکی ژیان دەبات بۆ باشترکردنی ژیان لە بوارێکی دیکەدا. لە ڕێژیمە کۆڵۆنیالییە نێوخۆییەکانی وەک ئێراندا کە دەوڵەت قازانج دەکات لە دابەشکردنی نایەکسانی دەرفەتەکانی ژیاندا. دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات زیادەی ژیان تاڵان دەکات کە سەرچاوە سرووشتی و مرۆییەکانیش دەگرێتەوە. لەلایەک سەرچاوەی ئاو و خاک بۆ ناوچە غەیرە کوردەکان دەگوازێتەوە، وا لە خاکەکەی دەکات بۆ نیشتەجێبوون نەشێت؛ لەلایەکی دیکەوە، هێزی کاری خوێندەواری کورد دەکاتە کۆیلەی کۆڵبەری بۆ لەنێوبردنی سەرمایەی مرۆیی ڕۆژهەڵات. قوباد کەرەمپور ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێران لە ساڵی ١٤٠١دا ڕایگەیاند کە ٥٠%ی کۆڵبەران خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان ماستەر ن. هەروها دانی بەوەدا نا کۆڵبەرێک کە بڕوانامەی ماستەری لە بیرکاریدا هەبووە، تەقەی لێ کراوە و کوژراوە لە کاتێکدا تەلەفزیۆنێکی لەسەر پشتی هەڵگرتبوو. ئەم هێرشە بەرفراوانە بۆ سەر سەرمایەی مرۆیی کورد بە ڕوونی لە وتەی کۆڵبەرێکدا دیارە کە وتی ئێمە کۆیلەی کارین تا فارسەکان چێژ لە ژیانیان وەربگرن.