بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو''، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانیکەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانیکەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە.
لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانیکەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانیکەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەردا سزای سێدارەی لانیکەم ۳۷ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۵.۵ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان پێک دێنن. هەروەها ۲۷ بەندکراوی لوڕ، ۱۷ بەندکراوی تورک و ۱۶ بەندکراوی گیلەک لەسێدارە دراون.
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەردا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بووە کە ۱۲۴ حاڵەت واتا ۵۱.۵ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۱۰۴ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۳۱ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە و پاش پارێزگای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگاکانی ئیسفەھان بە ۲۱ حاڵەت و فارس بە ۲۰ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.