لە دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە جیهانییەکان لەمەڕ پەیامی واشنگتۆن بۆ تاران لە بارەی دەسپێتکردنەوەی ڕەوتی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا، وتەبێژی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان لەو بارەوە هاتە دەنگ و زانیاریی ئەو ڕاپۆرتانەی پشتڕاست کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، فاتمە موهاجرانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پەیامی ئەمریکا بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک و بەبێ دانی زانیاریی زیاتر لەو بارەوە لە وڵامی ڕۆژنامەواناندا وتی: "لەبارەی چۆنایەتی و نێوەرۆکی پەیامەکەی ئەمریکاوە لە دەرفەتێکی گونجاودا ڕوونکردنەوە دەدەین".
هەروەها هەواڵدەریی ''بەغدا ئەلیەوم" لە ڕاپۆرتی ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەردا بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماتیکەکانی ڕێژیمی تاران نووسیویەتی: "بەپێی پەیامێک کە بە مەسقەت پێتەختی عومان گەیشتووە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە ئەمریکا ئۆگریی بەلای دووبارە دەسپێکردنەوەی دانوستانی ناوکی هەیە".
لەو ڕاپۆرتەی "بەغدا ئەلیەوم"دا هاتووە کە دوناڵد ترامپ لەو پەیامەیدا ڕوو لە ڕێژیمی ئێران ئیرادەی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەی نوێ لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەربڕیوە.
شایانی باسە لێدوانی وتەبێژی دەوڵەتی پزشکییان و پشتڕاستکردنەوەی ئەگەری دانوستانی ناوکیی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و زانیارییەکانی هەواڵدەریی" بەغدا ئەلیەوم" لە کاتێکدایە کە هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسداران پەیامی نێردراو لەلایەن ئەمریکای بەدرۆ خستەوە و نووسیویەتی: "ناردنی وەها پەیامێک لەلایەن ئەمریکاوە راست نییە و ڕەتی دەکەینەوە".
هەروەها بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لە پانێڵێکی کۆنفرانسی ژێئۆپۆلێتیک و ئە،نییەتی جیهانیی مەنامە لە بەحرەین وتی: ''ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
لەو پێوەندییەدا دۆناڵد ترامپ، ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە "کلیلی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناوبرد، و ئاماژەی بەوەکرد، ڕێژیمی ئێران "ڕێکەوتنێکی دەوێت، هەرچەندە ئەوان باسی ناکەن، ڕەنگە نابێ ئەوە بڵێن، چونکە هیچ دانوستانکارێکی باش ئەوە ناڵێت".