ئالان سامرەند ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کێبڕکێی ئەندازیاریی ژێنێتیک، لەگەڵ تیمیێک لە زانکۆی ئۆسڵۆ کە لە گەورەترین کێبڕکێی جیهانی ئەندازیاریی ژێنێتیک بەشداری کردبوو، میداڵی زێڕی بە دەست هێنا.
ئەو لاوە کوردە جیا لە میداڵی زێڕ، بەربژێر بووە بۆ باشترین دیزاینی ژێن لە نێو چوار هەزار و ٥٠٠ بەشدابوودا. ئالان سامرەند خوێندکاری بابەتی بۆماوەیی یان ژێنێتیکە، لە زانکۆی ئوسلۆ لەسەر ژێنی نەخۆشیەکانی مێشک لەنێو منداڵان کار دەکات.
هەروەها ئالان سامرەند پێشتر لەلایەن زانکۆی ئۆسلۆەوە بەهۆی کارکردن لەسەر شێرپەنجەی مێشکی منداڵانەوە خەڵات کراوە.
شایانی باسە کێبڕکێی ''ئای جەی ئەی ئێم'' کە پێشتر لە ئەمریکا بەڕێوە دەچوو لە ئێستادا ساڵێ جارێک لە شاری پاریس بەڕێوە دەچێت، تیمەکانی هەموو وڵاتانی جیهان لە سێ ئاستی ماستەر، بەکالۆریۆس و لاوان بە پێشکەشکردنی پرۆژەیەک بەشداری دەکەن، بەڵام زۆر لە تیمەکان بە ئاستی بەشداریکردنی کۆتایی ناگەن.
هەر گرووپەی دەبێ داهێنانێک پێشکەش بکات و بیسەلمێنێت کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەندازیاریی ژێنێتیک ڕێگەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشەکانی پزیشکی، دەرمانسازی، ئیمیۆنۆلۆژی، کەشوهەوا یان کشتوکاڵییەکان بدۆزێتەوە.
ئالان سامرەند خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە، سەرەڕای ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامی گرووپی نۆ کەسیی زانکۆی ئۆسلۆیە.