
ڕەزا دانشجوو
دوای دوو ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی بەناو گەردەلوولی ئەقسا لە لایەن حەماسەوە بە فەرمانی ڕاستەوخۆ و پشتیوانی و یارمەتی هەمەلایەنەی ئیتلاعاتی و لۆجستیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەو ئاگرەی کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی وەلایەتی فەقیهـ هەڵیانگیرساند، هێشتاش بڵێسەکانی بە تینەوە خەریکی سووتاندانی پاشماوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین. گەمژەیی و ساویلکەیی هەڵقوڵاویی بیری ڕزیو و گەندەڵی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئاخوندی کە بووە هۆی لەنێوچوونی بەشێکی زۆر لە توانایی بەرخۆدان و بەرپرچدانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. لە ڕاستیدا ئەوەی ڕێژیم و حەماس بە ناوی گەردەلوولی ئەقسا خستیانە گیانی ئیسڕائیل، ماوەیەکی زۆرە بەخێرایی زۆر زیاترە بەلا، ئاراستەی پێچەوانەدا بەچڕی خەریکی لەناوبردنی هەر شتێکە کە پەیوەندیی بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.
ئاشەکە ئەوەندە بێخێیە! کە ئێستا زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لەنێو دەسەڵاتیش دەنگیان بەرز بووەتەوە، تەنانەت بەشێک لە سەرکردەکانی حکوومەت! ئێستا کەس نەماوە کە دژی ئەم هەڵە ستراتیژییەی حەماس و کۆماری ئیسلامی قسە نەکات. بەدڵنیاییەوە تاکە هۆکار بۆ ئەو کەمینەی کە بێدەنگ بوون، وەک خۆیان هەمیشە دەڵێن دڵخۆشنەکردنی دوژمنانی ئیسلام و ڕێبەریی ڕێژیمە! ڕەخنەی ڕۆژنامەی نیمچە حکوومیی "کۆماری ئیسلامی" دوایین کاردانەوە بوو بەرانبەر بەم هەڵە ستراتیژییە کوشندەیە. هەڵەیەک کە هەموو ئەو شتانەی لەنێو برد کە کۆماری ئیسلامی بە تێچووی میلیۆنان دۆلار و بەدرێژایی ساڵان کەڵەکەی کردبوو. کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و هەنیە و نزیکەی هەموو فەرماندەکانی باڵای حیزبوڵڵا و حەماس و کوژرانی نزیکەی هەموو فەرماندە باڵاکانی ڕێژیم و ئێستاش هەواڵی کوژرانی فەرماندەی باڵای سەربازی حۆسییەکان و تێکشکان و نەمانی بەشی سەرەکیی پێکهاتەکانی حیزبوڵڵا و حەماس و لەنێوچوونی بەشی سەرەکیی توانای مووشەکی و ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی تەنیا گۆشەیەکن لە دەرئەنجامەکانی ئەم حیساباتە هەڵەیە!
بەدوور لە خۆهەڵکێشان و دووپاتکردنەوەی بەردەوامی تاقمێک هەڕەشەی بێبنەما دژی نەیاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەتوانرێت بەدڵنیاییەوە بگوترێ ئێستا خامنەیی سەرکردەی ڕێژیم باشتر لە هەر کەسێک دەزانێت ئەمە هەڵەیەکی گەورە و خوێندنەوەیەکی تەواو ناڕاست بوو، و نەدەبا ڕووی دابا! هەڵەیەک کە دەرئەنجامەکانی دوای تێپەڕبوونی دووساڵ هەر دێت و زیاتر دەبن!
نوێترین ئاڵقەی ئەم تێکهەڵچوونە پێشنیاری ئاشتیی ترامپە لە نێوان حەماس و ئیسڕائیل، کە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا پێشوازی گەرمی لێ کرا. ئاشتییەک کە قۆناغی یەکەمی بە ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس و ئازادکردنی دیلەکانی فەلەستینی لە لایەن ئیسڕائیلەوە جێبەجێ کرا. بەڵام ئێستا ئەو هەواڵە دێت کە حەماس ڕایگەیاندوە کە بەردەوام دەبێت لە شەڕی ئیسڕائیل! لێدوانێک کە کاردانەوەی توندی ئیسڕائیل و خودی دۆناڵد ترامپی لێ کەوتەوە!
ئەوەی بۆچی حەماس ئامادە نیە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل جێبەجێ بکات، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە متمانە و دڵنیانەبوون بە لایەنی بەرانبەرەوە نیە. خاڵێکی ئەم ڕێککەوتنە بۆ حەماس یانی کۆتایی ژیانی سیاسی! واقیعەکە ئەوەیە کە حەماس نە دەیەوێت و نە ڕێگەی پێ دەدرێت چەک دابنێت! تەواوی بوونی حەماس و ڕێکخراوەکانی وەک حەماس کە لەژێر نیقابی جیهادی پیرۆزدا خۆیان حەشار داوە، جگە لە پڕوپاگەندە و چەک هیچی تر نیە! ڕاستی ئەوەیە کە تەنیا دەسکەوتی کۆماری ئیسلامی دوای ساڵانێک حوکمڕانی بۆ خەڵکی ئێران و حەماس دوای چەندین ساڵ لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە جگە لە شەڕ و ماڵوێرانی هیچی تر بۆ خەڵکی بێتاوان نەبووە. ئێستا دوای وێرانبوونی تەواوەتی غەززە کە دەرئەنجامی حیساباتی هەڵەی حەماس و ئاغاکەی کۆماری ئیسلامی بوو، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کەرتی غەززە هۆکاری ئەم دۆخە لە چاوی حەماسەوە دەبینن. ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نیە کە لە چاوی دانیشتوانی غەززەوە ئیسڕائیل دوژمن نیە و قبوڵ کراوە. بەڵام حەماس کە ساڵیانێک توانیبووی بە ناساندنی خۆی وەک گروپێکی خەباتکار کە بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەی شەڕ دەکات متمانەی بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی غەززە بەدەست بهێنێت، ئێستا ئەم متمانەیە ڕووبەڕووی زۆر پرسیاری گرنگ بووتەوە. بۆیە حەماس لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە بەبێ چەک لە ئایندەی سیاسی هەر دەوڵەتێکی بە ناو فەلەستین جێگەی نابێتەوە! بەڵام ئەوە تەواوی ئەم چیرۆکە نیە! سەرەکەی تری ئەم پەتە لە دەستی حاکمانی تاراندایە! کۆماری ئیسلامی نایەوێت لە هیچ بارودۆخێکدا ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین ڕوو بدات. ئەم ئاشتییە بۆ کۆماری ئیسلامی حوکمی مردن و نەمانە!
دەسەڵاتێک کە ساڵانێکە لەژێر ناوی سەرکردایەتیی جیهانی ئیسلام و دۆزی فەلەستیندا کێشە کەڵەکەبووە ناوخۆییەکانی خۆی شاردۆتەوە، چۆن دەتوانێت ئەم بابەتە وەلابنێت؟ کۆماری ئیسلامی و قەیرانسازی دوو هاوڕێی هەمیشەیین کە بوون و نەبوونیان بە یەک گرێ دراوە! بەبێ قەیران، مانەوەی کۆماری ئیسلامی مەحاڵە! دەسەڵاتێک کە ساڵانێکە لایەنگرانی خۆی لە ئێران و وڵاتانی دیکە بە دروشمی "ڕێگای قودس بە کەربەلادا تێدەپەڕێت" و "ئازادی قیبلەی یەکەمی موسڵمانی جیهان" فریو داوە، هەرگیز بە ئاشتی ڕازی نابێت!
بەڵام بەشی ناخۆش و نەخوازراوی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئێستا ئیسڕائیل و ترامپ بە ئیرادەتر لە هەموو کاتێکن و ئامادە بۆ پێشبردنی هەر سناریۆیەکی تازە دژی ئەگەری زێدەخوازی ڕێژیمن و هەروەک لە سەرەوە باس کرا، ئەو پێشنیارە ئاشتییەی کە ترامپ خستوویەتە ڕوو، لایەنگری بەهێزی ناوچەیی و دەرەوەی ناوچەیی هەیە! جگە لەوەش نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە نەتانیاهۆ و ئیسڕائیل لەم دواییانەدا نیشانیان داوە کە بە هیچ شێوەیەک ئامادەی هیچ جۆرە پاشەکشەیەک نین و هەرگیز نایانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ هەلومەرجی پێش ڕووداوەکانی ٧ ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و ئامادەی دانی هەر باجێکن بۆ داهاتوو! لە لایەکی تریشەوە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو و لێکدانەوەی کەسایەتیی ترامپ بە ڕوونی نیشانی دەدات سەرۆککۆماری ئێستای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەسێکی زۆر لووتبەرز و خۆپەرستە و بە هیچ شێوەیەک حازر نابێت ئەو پرۆسەی کە خۆی گەڵاڵەی کردوە و ئەوەی خۆی چەندین جار وەک ڕۆڵی ناوازەی لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا باسی کردوە، لە لایەن کۆماری ئیسلامی و حەماسەوە بە ئاسانی لەناو بچێت! هەڕەشەی ئەم دواییەی ترامپ لە حەماس بۆ بەکارهێنانی هێز بۆ چەککردنی لە ئەگەری خۆ بەدەستنەدانەوە ئاماژەیەکە بۆ ئەم ڕاستییە!
دووڕێیانێکی زۆر مەترسیدار! کۆماری ئیسلامی لە ناو بەرزەخێک گیری خواردوە کە دەربازبوون لێی بێ خەسارەیەکی گەورە پێدەچێت مەحاڵ بێت!
بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی زاڵ لە ناوچەکەدا، چەکداماڵینی حەماس بە مانای کۆتایی ژیانی سیاسی ئەو گروپەیە و ئەمەش بە مانای کۆتاییهاتنی میحوەری بەناو مقاوەمەتە. ئێستا لە جەمسەری هەلالی شیعەدا، تەنیا ڕێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵڵا لە گۆشەیەک تەنیا و بێدەسەڵات و لەوپەڕی بێ هێزی دا بێ هیچ پشتیوانییەک ماوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەزانێت ئەگەر ئیسڕائیل بتوانێت کێشەی حەماس یەکلایی بکاتەوە و لە شەڕی غەززە ڕزگاری بێت، بەدڵنیاییەوە دێتە سەر ڕێژیم! لە لایەکی تریشەوە قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و درێژەدان بە خەباتی چەکداری حەماس زۆر گۆشەگیر دەکات و لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی گەشەی هێزی نەیاری حەماس لە کەرتی غەززە، هەر وەک لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند گروپێکی چەکداری دژی حەماس بوونی خۆیان ڕاگەیاندوە!
ڕەوگەو ڕێرەوەکی یەکجار ناڕوون و سەختە! ئەوەندە سەخت کە گەیشتن بە شوێنی مەبەست بەبێ قوربانیدان زۆر چەتوون و زەحمەتە! کۆماری ئیسلامی دوای گەمژەیی و ساویلکەیی ٧ ئۆکتۆبر و هەڵبەت خۆشییەکی تەواو کاتی و کورتخایەن، لە پرۆسەیەکی تەواو ئامانجدار و پلانبۆداڕێژراو و دوای دەیان زەبری جەرگبڕ و قەرەبوونەکراو هێواش هێواش بەرەو گۆشەی ساحەی زۆرەوانی دەگوازرێتەوە. کێ و لەکوێ زەربەی کۆتایی لەم جەستە ماندوو و نەزارە دەدات؟ هەلومەرج و بارودۆخی ناوچە یەکلاکەرەوە دەبێت. کۆماری ئیسلامی ئیستا دوو بژاردەی زیاتر نیە، یان دەبێ تەسلیمی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بێت، یان بڕووخێت و کۆتایی پێ بێت! پلانی ئەمریکا و ئیسڕائیل ڕوونە! یان ئاشتی لە ڕێگەی زۆرداری! یان سڕینەوەی یەکجاری لە لاپەڕەکانی مێژوو! ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە! ئەمە ڕاستییەکی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە!