کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ڕێگەدان بە دەستپێڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بوو

10:37 - 22 رەزبەر 2724

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆی لەم پۆستەدا، داوای لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کرد کە بە تەواوی هاوکاریی ڕیپۆرتێر بکەن و بەبێ بەربەست ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی بەو وڵاتەی پێ بدەن.

مای ساتۆ، کە لە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا بوو بە جێنشینی جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەر، بە ئاماژەدان بە ڕێگریی کۆماری ئیسلامی لە ئامادەبوونی پەیامنێرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران لە دوای دامەزراندنی ئەم نوێنەرایەتییە لە ساڵی ٢٠١١ەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری تەواو لەگەڵ ڕیپۆرتەری تایبەت دەبێت هانی کۆماری ئیسلامی بدەن و گرینگی بە ڕاپۆرت و لێدوانە گشتییەکانی ڕاپۆرتێری تایبەت بدەن.''

مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، زانای زانستی کۆمەڵایەتی، خەڵکی ژاپۆن، براوەی خەڵاتی تاوانناسی لە ژاپۆن لە ساڵی ٢٠١٤ و لە ئێستادا مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی بەناوبانگی مۆناش لە ئوسترالیایە.

ساتۆ حەوتەمین ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە. ئەرکەکەی بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت و دەتوانرێت هەموو ساڵێک لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤەوە نوێ بکرێتەوە. بەڵام هەر کەسێک دەتوانێت لانیزۆر شەش ساڵ وەک ڕیپۆرتەری تایبەت دەستنیشان بکرێت.

ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران پێویستە ساڵانە دوو جار ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ لەسەر ئێران بڵاو بکاتەوە و بیخاتە بەر دەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام.

هەروەها ڕیپۆرتەری تایبەت کاری بەدواداچوون و نووسینی نامە لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کەیس و پرسەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤی لە ئەستۆیە.