کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ بەڕێوەچوونی کۆڕێکی شێعر بۆ دوو شاعیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

10:58 - 23 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەر(١٢ی ئۆکتۆبر)، کتێبخانەی کوردی لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید، کۆڕێکی بۆ "ئاکۆ ئەلیاسی" و "کاوە خوسرەوی" دوو شاعیری ناسراوی خۆارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێنا.

ئەو دوو شاعیرە بە یەکەوە و لە سەنگەری پێشمەرگەی دێموکراتدا هاتوونە نێو دونیای شێعر و ئەدەبەوە و خامە و هزری ناسکیان لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا پشکووتووە.

دونیای پڕ لە کولەمەرگی و حەسرەتی دیداری وڵاتیان لە چاوی ئاوارەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراقی پەرتەوازەی نێو بیابانە کاکی بە کاکییەکانی ناوەڕاستی عێراق "ئۆردوگای ئەڵتاش"دا وەسف کردووە. لە درێژەی کاروانی شێعرییاندا لە دوورە وڵاتەوە شێعریان بۆ خۆشەویستیی ئینسان، خاک و نەتەوەکەیان هۆنیوەتەوە. لەگەڵ ئازاری گەلەکەماندا لە کوردستان هەموو سووژەیەکیان کردۆتە هەوێنی شێعر و وشەکانیان تێکەڵ بە دەنگی کیژان و کوڕانی نێوخۆی وڵات کردوە.

لە گەڵ کاروانی بەرەو گەشەی ئەدەبی کوردی لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوهەنگاو بوون و وێڕای دڵسۆزانی ئەوێ بوونە پێشەنگی تووڕدانی بەرگی تواندنەوەی ئەو بەشە گرینگەی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەکانی ناوەندەوە. ئەوان هاوڕا و پێشەنگی شەپۆلێک بوون کە ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر قاوغی ئاسێمیلە فڕێ دەدا و منداڵانی کورد بە زمانی زگماکی خۆیان گۆش دەکات.

کە کێژۆڵەی کورد "ژینا" لە پێتەختی بێدادیدا کەوتە بە  ڕقی قین لەدڵان و دوو تاڵی قژیان کردە بیانووی شەهیدکردنی، هزر و پێنووسی کاوە و ئاکۆ بوو بە مەلی شەیدای ئازادی و بەسەر گۆڕی ژینای جوانەمەرگدا لە شەقەی باڵی دا و "ژینا گیان تۆ نامری، نێوت دەبێتە ڕەمز"ی کردە توێشووی دەیان شێعر بۆ ئازایەتی و پێشەنگایەتیی کچان و ژنان، بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی وەها بەرین تا هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم جیهانە پان و بەرینە بگرێتەوە.

لە نەورۆزی "مەشخەڵان”دا هۆنراوەکانیان کردە ملوانکەی گوڵ و لە ملی کیژان و ژنانی نێو گەڕی ڕەشبەڵەکی "کارزان" لە ئیلام  و شائاباد لە کرماشان و هەموو شار و گوندەکانی کوردستانیان کرد.

 

لەو کۆڕەدا ئاکۆ ئەلیاسی بە کرمانجی ناوەڕاست و کاوە خوسرەوی بە کوردی خواروو، شێعرەکانیان پێشکەش کرد.

ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدەبدۆستان و کەسانی خولیای شێعر ئامادەی کۆڕەکە بوون، کە دوای خوێندنەوەی شێعرەکانیان لەلایەن بەشدارانەوە هێندێک پرسیار و سەرنج خرانە ڕوو، ئەوانیش وڵامیان دانەوە.