کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەیل و مەرامە شەڕاشۆییەکان، کۆماری ئیسلامی وەک ماکەی سەرەکی

11:22 - 23 رەزبەر 2724

مەیل و مەرامە شەڕاشۆییەکان، کۆماری ئیسلامی وەک ماکەی سەرەکی

 

سمایل شەرەفی

کیشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێوەندیدار بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تا دێ ئاڵۆزتر دەبێ. لە تازەترین هێرشی مووشەکیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە بنیامینای نزیک شاری حیفا، چوار سەربازی ئیسرائیلی کوژران و نزیک بە شەشت سەربازی دیکە بریندار بوون. هێرشەکە بە چوار درۆنی شەڕکەر کراوە کە سێیان لە لایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە پووچەڵ کراونەتەوە. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ دوای هەوڵێکی زۆر بۆ وەرگرتنی چراسەوزی ئەمریکا بە مەبەستی وڵامدانەوە بە هێرشەکەی ١ی ئۆکتۆبری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتەکەی، سەرقاڵی خۆئامادەکردن بۆ هێرشکردنەوە سەر ئێرانە. هەرچەند وەک باس دەکرێ هێرشەکە چوارچیوە و مەرجی خۆی هەیە و ئیسرائیل دەبێ خۆی لە هێرشەکردنەسەر پێگە ئەتۆمی و نەوتییەکانی ئێران بپارێزێ.

کۆماری ئیسلامی کە لە وڵامدانەوەی ئیسرائیل هەم دڵنیایە و هەم ترسیشی ڕێ‌نیشتووە، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە هێرشەکە لەسەر خۆی سووک بکات، بۆیە دەستەوداوێنی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە بووە و بۆ ئەم مەبەستە وەزیری دەرەوەی رێژیم، عەبباسی عێراقچی لە جەولەیەکی دیپلۆماتیک‌دایە.

ئەمریکا کە لەسەر جۆری وڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هێرشەکەی ١ی ئۆکتۆبری کۆماری ئیسلامی، گوشارێکی دیپلۆماتیکی خستووەتە سەر ناتانیاهۆ، دەستبەرداری پشتیوانییەکانی لە ئیسرائیل نیە و ناشبێت. بڵاوکراوەکانی ئەمریکا لەو چەند ڕۆژەدا باسیان لەوە کردوە ئەمریکا لە تەیارکردنی ئیسرائیل بە چەکی جۆراوجۆری دژە مووشەک، بەردەوام دەبێت. سیستەمی دژە مووشەکی "تاد" کە یەکێک لە دەسکەوتە هەرە پر بایەخ و وردئەنگێوەکانی ئەرتەشی ئەیالاتی یەکگرتووی ئەمریکایە، لەم ڕۆژانەدا دەدرێتە ئیسرائیل کە یەکێک لە گەورەترین مەئموورییەتەکانیشی ئەنگاوتنی مووشەکەکانی ئیران دەبێ.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە یەکجاری تووڕە و نیگەران کردوە، بە جۆرێک کە عەبباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە زمانێکی زبری تێکەڵ بە هەڕەشە گوتویەتی؛ ئەم کارەی ئەمریکا دەبێتە هۆی وەمەترسیکەوتنی گیانی سەربازەکانی.

ئادرەسی هەڕەشەکانی عێراقچی دیارە کوێیە. ئێران ڕاستەوخۆ خۆی لە  ئەمریکا و هێزەکانی ناگەیەنێ؛ نە توانا و نە مەوقعییەتی ئەوەی هەیە، بەڵام  وەک تا ئێستا نیشانی داوە لە ڕێگای هێزەکانی نزیک لە خۆیەوە لە عیڕاق، دەتوانێ دەست لە سەربازە ئەمریکاییەکان بوەشێنێ کە ئەو هەڵوێستانە وەک پێویست کار ناکەنەسەر پێوەندیی ئیستراتژیکی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و پشتیوانییەکانی واشنگتۆن بە تێل‌ئاڤیو بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.

هێرشی دوێنێ شەوی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل کە  خەساری بەرچاوی گیانی و سەربازیی بۆ ئەم وڵاتە بەدواوە بوو، بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە مەوقییەتێکی دیکەوە. ناتانیاهۆ هەموو ئەم هێرشانە بۆ سەر وڵاتەکەی لە چاوی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینێ. بۆیە پێناچی هێرشە لەسەر ڕێککەوتووەکەی بۆ سەر ئێران، بەوجۆرە بێت کە ئەمریکا بۆی دیاری کردوە و وڵاتانی عەرەبییش لێیان خواستووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل دژ بە بەرنامەکانی ناتانیاهۆ و گەورەبوونەوەی کیشەکان و خەسارە گیانی و سەربازییەکان، لە زیادبوون‌دان. دژبەرانی ناتانیاهۆ لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی وڵاتەکە، پێیان وایە زیادەڕەوییەک بە مەرامی سیاسی لە لایەن دەوڵەتی ناتانیاهۆوە لە ئارادایە کە خەریکە وڵاتەکەیان بەرەو مەترسییەکی گەورە دەبات. ئەو ناڕەزایەتییە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کە خەریکە لە کۆمەڵگەی ئیسرائیل‌دا پەرە دەستێنی، فاکتەرێکی کەم نییە و دەوڵەتی ناتانیاهۆیش ناتوانێ چاویان لەسەر دابخات.

بەڵام وەک هەموو لایەک بەباشی لێی ئاگادارن و یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی درێژەکێشانی ئەم ئالۆزییانەیە و لەوانەیە بەردەوامبوونی ناتانیاهۆ لە وڵامدانەوە بەم شەڕ و شۆڕانەدا درێژ بکاتە و نەیارانیشی بۆ ماوەیەکی کاتی بەدوور لە ناڕەزایەتی ڕابگرێ، مەیلی شەرئەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی کە لە نێو خۆی وڵاتەکەدا لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی بەربەرینی کۆمەڵانی خەڵک بەرەوڕوویە و دەیان قەیرانی جۆراوجۆر هەیە و تەنانەت توانای مودیرییەتی دیاردەیەک بە ناوی "ونبوونی و بێ‌سەروشوێنبوونی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سپای قودس، ئیسماعیل قائانی"ی نییە، هەموو شانس و گرەوێکی لە سەر سیاسەتی شەڕاشۆیی خۆی و "نێعمەتی شەڕ"ە.

جیا لە کایە دیپلۆماتیک و بەرژەوەندییە دیارونادیارەکانی پشتی پەردەی ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە؛ ئەوەی دەیبینین یەکتر بەهێزکردنی مەیل و مەرامە شەرئەنگێزەکانن کە کۆماری ئیسلامی ئێران ماکە و هۆکاریی سەرەکیی ئەم دۆخەیە.