کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەریکردنی زیاتری ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین دوابەدوای ناڕەزایەتی بە هەڵسوکەوتی بەرپرسانی بەندیخانە

12:00 - 23 رەزبەر 2724

هێرانا ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەشێک لە بەندکراوانی بەشی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین لەلایەن کاربەدەستانی زیندانەوە سنووردار کراون و لە زۆر شت بێبەش کراون.

ئەو سنووردارکردن و بێبەشکرانە بریتین لە قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و نەبوون پێوەندیی تلفۆنی، کە دوای ناڕەزایەتیی ژمارەیەک ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین بە پشکنینی جەستەیی نائاسایی لە زیندانییەکان لەلایەن هێزەکانی زیندانەوە ئەنجام دراون.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییەکان ڕایگەیاندووە، لەم دواییانەدا بە چەند زیندانییەک ڕاگەیەندرا کە سنووردارکردنەکان چاوپێکەوتنی حزووری و ڕووبەڕوو لەخۆدەگرێت، و ئەتوانن چاوپێکەوتنی تلفۆنیان لەگەڵ خێزانەکانیان هەبێ، بەڵام دوێنێ لەکاتێکدا کە بنەماڵەکانیان سەردانی زیندانیان کردبوو بۆ چاوپێکەوتنی تلفۆنی کاربەدەستانی زیندان ڕێگەیان پێ نەدان.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، بەشێک لە زیندانیان ڕووبەڕووی دوو جۆرە سنووردارکردن بوون، و تەنانەت ناتوان لە ڕێگەی تلفۆنەکانی زیندانەوە پێوەندی بە بنەماڵەکانیشیانەوە بگرن.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی یاساوڕێساکانی ڕێژیمی ئیسلامی و ڕێوشوێنە ئەمنییەتی و پەروەردەییەکانی ئەو ڕێژیمە، زیندانییان لە ئێران مافی ئەوەیان هەیە لە کاتی زیندانیکردنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان چاوپێکەوتن و پێوەندی تلفۆنیان هەبێ.

ئەم سنووردارکردنە دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە کۆمەڵێک لە ژنە زیندانییە سیاسییەکان لە   زیندانی ئێڤین، ١٥ی ڕەزبەر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و خوازیاری وەستانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئازاردان و دەستدرێژی سێکسی لە کاتی پشکنینی جەستەییاندا لەلایەن هێزەکان و کاربەدەستانی زیندانەوە بوون.