کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەخشان عەزیزی ماوەی ١٠٠ ڕۆژ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی بێبەش کراوە

10:56 - 25 رەزبەر 2724

کەمپەینی ئازادیی پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە "١٠٠ ڕۆژ بەسەر قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی نابراو لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی تێپەڕیوە"  نووسیویەتی کە پەخشان عەزیزی مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی نەبووە.

ئەم کەمپەینە، بێبەشبوونی پەخشان عەزیزی لەم مافە سەرەتاییانەی مرۆڤی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەسف کرد.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئەندامانی کەمپەینی ئازادکردنی پەخشان عەزیزی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی دەستبەجێی پەخشان عەزیزییان کرد و داوایان لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەسانی پەیوەندیدار کرد بۆ ئازادکردنی پەخشان عەزیزی هەوڵێک بدەن.

هەروەها ئاسۆ عەزیزی، برای پەخشان عەزیزی، ، ئاماژەی بەو ڕاستییە کردووە کە خوشکەکەی نزیکەی دوو حەفتە پێش ئەوەی کە لە ٢ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا سزای لەسێدارەدانەکەی پێ ڕابگەیەنرێت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی لێ قەدەغە کراوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ڕاگەیاندنی سزاکە، پارێزەرەکەی داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ پەخشانی کردبوو، بەڵام دادوەر ئیمان ئەفشاری دژایەتیی کردبوو و ڕەتی کردبوویەوە.

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە ماوەیەکی کەم بوو کە پارێزەرەکەی دۆسییەی پەخشانی وەرگرتبوو و دوایی ئەوە مافی چاوپێکەوتنی لێ قەدەغە کرا و بەگشتی تا ئێستا پەخشان نەیتوانیوە پارێزەرەکەی ببینێ.

ئاسۆ عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا باسیشی لەوە کردووە کە نزیک مانگێکە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی پەخشان ئاسایی بووەتەوە.

پەخشان عەزیزی لە ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەسبەسەر کرا، و لە زستانی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی “ بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان" تۆمەتبار کرا و لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

پەخشان عەزیزی کە لە زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە، خەڵکی شاری مەهاباد و دەرچووی بەشی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی عەلامە تەباتەباییە.