کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

11:27 - 25 رەزبەر 2724

دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی بەهمەن محەممەدپوور، خەڵکی "شیناوێ"ی پیرانشار و خەبات ئیراندووست خەڵکی بۆکان کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، بەهمەن محەممەدپوور تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی "شیناوێ"ی پیرانشار، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ مانگ لە دەسبەسەرکران، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی نەغەدەیە.

بەهمەن محەممەدپوور سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٤٠٣، بۆ دووهەمین جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاندوووە، بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار تاکوو ئێستا ئەم لاوە کوردە ڕێوشوێنی یاسایی خۆی تێپەڕ نەکردووە و کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناوبراو بەڕێوە نەچووە.

ئەم لاوە کوردە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن رێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی خەبات ئیراندووست، تەمەن ٤٣ ساڵ، کوڕی عومەر خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

خەبات ئیراندووست ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.