کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان

12:05 - 25 رەزبەر 2724

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کە لەلایەن بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت، بۆ سی و هەشتەمین حەفتە بەردەوام بوو.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە سی و شەش کەسی لەسێدارەداوە.

بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە رێژیم هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی دژ بە سێدارە، حەوت کەسی لە سێدارە داوە هێناویەتی "حکوومەتی سێدارە تەنیا لە ڕۆژێکدا نۆزدە کەسی دیکەی لەسێدارە داوە کە دوو کەسیان منداڵ بوونە".

کەمپەینەکە باس لەوە دەکات سەرەڕای سێدارەکان لە حەفتەی ڕابردوودا، دەزگای دادوەریی ڕێژیم حوکمی بڕینی دەستی هەشت کەسی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەم بەیاننامە زیادی کردووە کە ئەم ڕێژەیە لە توندوتیژی بەدژی خەڵکی ئێران و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی دژ بە سێدارە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە نیشاندەری پێشێلکردن و گاڵتەجاڕیکردن بە یاسا مافی مرۆڤییە نێونەتەوەییەکانە و ئامانجەکانی پێشگرتن بە سەرهەڵدانی خەڵکە.

ئەم کەمپەینە کە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە زیاتر لە ٨ مانگە بەردەوامە و بەندکراوانی دەیان بەندیخانە لە ئێران ڕۆژانی سێشەممەی هەموو حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرتووە.

کەمپەینەکە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا داوای لە هەموو ویژدانە نەنووستووەکان و میدیا سەربەخۆ خەڵکییەکان کردووە تا بۆ ڕاگرتنی سێدارەکان هەنگاو بنێن تاکوو ئەم خەباتە لە کۆمەڵگا بچەسپێت.