کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکرانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە مافە سەرەتاییەکانی

11:50 - 26 رەزبەر 2724

دارا ڕەشیدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەردەشت، کە سزای  حەوت ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە بەندی گشتیی بەندیخانەی ورمێوە بۆ بەندی ئەمنییەتیی ئەم بەندیخانەیە راگوێزراوە و لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ڕەزبەر، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی دارا ڕەشیدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەردەشت بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کراوە، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە لەلایەن بەرپرسی بەندیخانەی ورمێوە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتی کراوە و لە مافی چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە کۆتاییەکانی پێنجەمین ساڵی بەندکرانەکەیدایە و لەو ماوەیدا چەندین جار لە بەندی سیاسییەکانەوە بۆ بەندکەکانی دیکەی وەکو؛ بەندی سزادراوانی مادە هۆشبەرەکان، بەندی سزادراوان لەسەر دزی و کوشتنی بە ئەنقەست گوازراوەتەوە و لەو کۆتاییانەشدا بە دەستووری بەرپرسی بەندیخانەکە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ئەمنییەتی و لە مافە سەرەتاییەکانیش بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە، ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەردەشت دەسبەسەر کرا و پاش چەند ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانەکانی نەغەدە و ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو جارێکی تر لە ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ و دواتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ١٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە دواتر کەم کرایەوە بۆ حەوت ساڵ و شەش مانگ بەندکردن.