کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی ٧٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە یەک مانگی ڕابردووی زایینیدا

12:27 - 11 رەزبەر 2724

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لە مانگی سێپتامبری ٢٠٢٤دا، سزای لەسێدارەدرانی لانیکەم ٧٨ بەندکراو لەوانە ١٠ بەندکراوی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ٧٨ حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان لە مانگی ڕابردووی زایینیدا تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتری خۆی کە ٩٤ حاڵەت بووە، ١٦ حاڵەت واتە ١٧ لەسەد کەم بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە منگی سێپتامبردا سزای لەسێدارەدرانی ١٣ بەندکراوی بەلووچ، ١٠ بەندکراوی کورد، ٧ بەندکراوی گیلەک، ٦ بەندکراوی تورک، ٦ بەندکراوی لوڕ و ٧ هاووڵاتیی ئەفغانستانی جێبەجێ کراوە.

زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لەم مانگەدا ٣٩ حاڵەت واتە ٥٠ لەسەدی هەموو حاڵەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر بووە و ٣٧ حاڵەت کوشتنی بەئەنقەست و ٢ حاڵەتیش پێوەندیی بە موحاربە و کوشتنی بەئەنقەستەوە بووە.

هەروەها سزای لەسێدارەدانی ٤ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکان و بە بێ مافی ئاخرین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە و هەروەها سزای لەسێدارەدرانی ٢ کەسیش لە بەر چاوی خەڵکەوە جێبەجێ کراوە.

لە کۆی ٧٨ حاڵەتی لەسێدارەدرانەکان تەنیا ٢ حاڵەت واتە ٢.٥ لەسەد لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕاگەیەندراون.