ڕەفعەت مامەدی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵکی سەڵماس و کوڕی سەننار مامەدی ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.
ڕەفعەت مامەدی لە بنەماڵەی خەباتکاری مامەدی، لە ئاوایی حاجی جەفانی سەڵماس لەدایک بوو.
قۆناغی منداڵی و لاوێتی کاک ڕەفعەت هاوکات بوو لەگەڵ تێکۆشان و چالاکیی حیزبیی سەنناری باوکی، بۆیە هەر زوو لەگەڵ ماف و مەینەتییەکانی نەتەوەکەی ئاشنا بوو.
دوای وەرگرتنی دیپلۆم لە شاری سەڵماس، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە دێهاتەکانی سەر بە شارەکانی تیکاب و ساین قەڵا وەک مامۆستای قوتابخانە کاری کرد و دوای ئەوەی سەننار مامەدی ئەندامی ئەوکاتی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە کۆتایی دەیەی ٦٠ی زائینی بە برینداری درایە دەست ساواکی ڕێژیمی پەهلەوی، ڕەفعەت ناچار وڵاتی بەجێ هێشت و ڕووی کردە هەندەران و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە و درێژەی بە خوێندن دا تا زانکۆی تەواو کرد.
دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزب لە کوردستان بە گشتی و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، ڕەفعەت مامەدی لە مەوقعیەتی خۆی ئەوپەڕی کەڵکی وەردەگرت بۆ هەرچی زیاتر ناساندنی بزاڤی نەتەوەیی و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەردەوام هەواڵنێر، ڕۆژنامەنووس، یارمەتیی دەرمانی و مرۆڤیی لە ڕێگای تورکیەوە دەهێنایە ناوچە ڕزگارکراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو چالاکیانەیدا هەم خزمەتی زۆری دۆزی نەتەوەکەی کرد و هەم توانی ئارشیڤێکی دەوڵەمەند لە وێنە، فیلم، دەنگ و نووسراو و هەواڵی هەواڵنێران کۆ بکاتەوە کە لە ناساندنی خەباتی گەلەکەماندا دەور و کاریگەرییان هەبوو.
ناوبراو ماوەیەکی زۆر هەواڵنامەیەکی بە ناوی "خبرنامە کردستان" بە زمانی فارسی لە دەرەوە بڵاو دەکردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.