سمایل شەرەفی
دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی کە هەر زوو دەرکەوت ڕێکخراوی حەماس بە چرا سەوز و دنەدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەی بردووە و گومان لە نائاگاداربوونی دەزگا ئەمنییەتی و زانیارییەکانی ئیسرائیلیش لەم هێرشەدا کرا، هەڕەشە و گوڕەشەی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر یەکتر و ئەمجارەیان لە سیاسەتی پاسپاسێنی مووشەکیدا دەستی پێکرد. لە یەکەم کاردانەوەدا ئەرتەشی ئیسرائیل بە ناوی داکۆکی لە مان و مەوجوودییەتی خۆی و پاراستنی خەڵکی وڵات، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر حەماس و بە خەستی پێگە و شوێنەکانی حەماسی لە غەززە کردە ئامانج و هاوکات لەگەڵ کوشتنی فەرماندە و ڕێبەرانی حەماس وێڕای وێرانبوونی ئەم شارە بە هەزاران کەسی دیکەش لە خەڵکی بێدیفاع بوونە قوربانی.
کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبری بە "کاری خودی فەلەستینییەکان" ناو برد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری نیزام ڕاشکاوانە پشتیوانیی خۆی لەم پەلامارە ڕاگەیاند و شان و پیلی پەلاماردەرانی ماچ کرد و پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی لە حەماس ڕاگەیاندەوە.
لەم نێوەدا حیزبوڵڵای لوبنان ڕاست بە هاندانی کۆماری ئیسلامی، مانگێک دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبر، هێرشی مووشەکیی بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیل دەست پێکرد. لە وەڵامی ئەم هێرشانەی حیزبوڵڵادا ناتانیاهوو ڕایگەیاند؛ ڕاوێژکارانی ئێرانی لەم کردەوانەدا کرانە ئامانج و باڵوێزخانەی ڕێژیم لە سووریە مووشەکباران کرا کە تیایدا چەند فەرماندەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی کوژران و هاوکات لە چەند شەوی جیاوازدا چەند پێگەیەکی دیکەی هێزەکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریە کرانە ئامانج و چەند بەرپرسێکی باڵایان لە دەمشق و بەغدا کوژران.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت فەرماندەرانی سپای پاسداران کە بەردەوام وادە و بەڵێنی "تۆڵەی سەخت"یان دابوو و لەمێژیش بوو دەیانگوت کە لە ڕێگای مووشەکەکانیانەوە ناوەندی ئیسرائیل واتە "خاکی تێلاڤیڤ بە توورەکە دادەبێژن"، لە نیوەشەوی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و حوسەییەکانی یەمەن بە هەڵاویشتنی زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و درۆن، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. یەکەم هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "وەعدەی سادقی یەک" ناودێر کرا، ئاکامێکی گاڵتەجاڕانەی لێ کەوتەوە!!؛ دوو کاتژمێر پێش لە هەڵدانی مووشەکەکانی ڕایگەیاند کە هێرش دەکات!!، بەشێک لەو مووشەک و درۆنانەی کە بەرەو ئیسرائیلی هەڵدان، لە وڵاتانەی دیکەی وەک عێراق و ئۆردوون کەوتنە خوارەوە و ئەو بەشەشی کە گەیشتنە ئاسمانی ئیسرائیل لەلایەن پەدافەندی چالاکی بەرگریی ئیسرائیل ناسراو بە گونبەدی ئاسنین ڕاوکران و تەقێندرانەوە بێ ئەوەی خوێن لە لوتی ئیسرائیلییەک بێت!!
کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە مووشەکییە هەڕەشەی کردەوە کە ئەگەر ئیسرائیل وڵام بداتەوە، وڵامدانەوەیان توندتر دەبێ! لە بەرانبەردا ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەو هێرشە گۆڕی خۆی هەڵقەند و با چاوەڕوانی وەڵامی تایبەت بێت.
هێرش بۆ سەر پێگەکانی حەماس لە غەززە توندتر بوو، غەززە جیا لە وێرانەیەک شتێکی ئەوتۆی لێ نەمایەوە، فەرماندەرانی حەماس یەک بە دوای یەکدا کوژران کە ناوەناوە ناوی چەند کوژراوێکی سپای پاسدارانی قودسیش بڵاو دەبووەوە و جارجارەش حیزبوڵڵا لە لوبنان وهێزەکانی دیکەی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریە و یەمەن پێگەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایان دەکردە ئامانج.
ڕەوتی پاسپاسێنەکە هەروا درێژەی کێشا تا ئەو ئێوارەی کە ڕێوڕەسمی دەست بەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان وەک سەرکۆماری تازەی ئێران کۆتایی پێهات و ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری ڕێکخراوی حەماس لە یەکێک لە هوتێلەکانی تاران کرایە ئامانج و کوژرا. کوژرانی ئیمساعیل هەنییە کە ئیسرائیل بە ڕەسمی کوشتنەکەی نەگرتە ئەستۆ، کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی زیاتر ئاڵۆز کرد و کەوتنە هەڕەشە و گوڕەشەی تۆڵەکردنەوەی سەخت لە ئیسرائیل.
مەسعوود پزیشکیان کە دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی سەرۆکۆماری پێشوو، بە پشتیوانیی خامنەیی و بە دەنگێکی کەمی خەڵک هاتبووە سەرکار، هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە بە زمان و هەڵسوکەوتێکی تا ڕادەیەک جیاواز لە ئەدەبیاتی ڕێژیم بەرانبەر بە دنیای دەرەوە دەربکەوێت و کەمێک لە تەنش و ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە. بەڵام لەلایەک توندڕەوەکانی نێوخۆی دەسەڵات دیسان قسەی سەر زمان و ژێر زمانیان هەر "تۆڵەکردنەوەی سەخت" بوو و لەلایەکی دیکەش، ئیسرائیل لە هێرش بۆ سەر هێزە نیابەتییەکان بەردەوام بوو.
دوای یەکەم سەفەری وەک سەرۆککۆماری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پزیشکیان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیسان هەوڵی دا بە زمان و ئەدەبیاتێکی تا ڕادەیەک جیاواز لە سەرکۆمارەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت ڕەئیسی و ئەحمەدینژاد دەربکەوێ. ناوبراو بە جێی ڕوانگە و ڕوویکەردی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا باسی لە لێک تێگەیشتنی چەند لایەنە کرد، باسی لە درێژەدان بە سیاسەتی وتووێژ و لابردنی گەمارۆکان هێنایە ئاراوە، لە کۆبوونەوە و وتووێژەکانی لەگەڵ میدیاکاندا تەنانەت باسی لە چەکدانانی وڵاتەکەی کرد.
لە بەرانبەر هێرشی توندڕەوەکانی نێوخۆی وڵات نزیک بە بەیتی خامنەییدا پزیشکیان لە وتوێژێکدا وێڕای ئاگادارکردنەوەیان لە ئاکامی کەوتنەشەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و درێژەکێشانی ئەم شەڕە لەسەر وڵات وتی "لە وەها حاڵەتێکدا هیچ شتێک لە ئێران نامێنێتەوە و دەوڵەتی ناتانیاهۆ دەیهەوێ پەلکێشی ئەم مەیدانەمان بکات کە نابێ تێ بکەوین".
هێشتا کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو نەببوو و هەیئەتی ئێرانی نەگەڕابوونەوە تاران کە هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا لە بەیرووت لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە و بۆ جارێکی دیکە تۆپەکە کەوتەوە مەیدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کوژرانی نەسروڵڵا لەگەڵ ئەوەی بۆ ئێران و"بەرەی مقاومەت" قورس و گران بوو، ئەو گومانەی زیاتر خستە سەر ئێران کە هەنییە و نەسروڵڵا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە فرۆشراون و لە ڕێگای ئێرانییەکەوە، شوێنی کۆبوونەوەی نەسروڵڵا بۆ ئیسرائیل کەشف کراوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ ئارامکردنەوەی نیابەتییەکان و ڕەواندنەوەی ئەو گومانە، دەبوا زووتر لە عەمەلیاتی وەعدەی سادقی یەک، سادقی دوو بەڕیوە بەڕێت.
عەمەلیاتی وەعدەی سادقی دوو لە ژووری عەمەلیاتەوە و بە فەرماندەیی حوسەین سەلامی، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم و بە بەشداریی کۆمەڵێک پاسدار و ئاخوند و بەسیج کە زیاتر لە سیرکێکی گاڵتەجاڕانە دەچوو، بەڕێوەچوو. دیسان هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئاکامدا تەنیا کەسێکی فەلەستینی! کوژرا.
تۆپەکە کەوتەوە مەیدانی ناتانیاهوو؛ ناوبراو ڕایگەیاند کە لەم هێرشە ناگوزەرێین و تۆڵە دەکەینەوە. بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش دەڵێن ئەگەر ئێسرائیل وەڵام بداتەوە، وەڵامەکەی ئێمە سەختتر!! لە ئەوانەی پێشوو دەبێ. تەنیا شەوێک دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل بە هەڵدانی سەدان مووشەک بەرەو ناوچەکانی باشووری لوبنان، بە دەیان پێگەی حیزبوڵڵای کردە ئامانج کە وەک باس دەکرێ بە دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە.
هیچ دوور نییە ئەم پاسپاسێنە مووشەکییەی دەوڵەتی ناتانیاهوو و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێ بەم زووانە نەبڕێتەوە. بەڵام ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە هەردوو لا بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان لانیکەم حەز بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە ناکەن و باوەڕیان بە گەیشتن بە ئاشتەوایی نییە. ئەقڵییەتی توندڕەوی و شەڕئاژۆیی هەر دوو وڵات کە نزیک بە پەنجا ساڵە، ئارامی، ئەمنییەت و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی گەلانی وڵاتی خۆیان و خەڵکی هەردوو وڵات و هی دیکەیان بە بارمتە گرتووە، لە یەک خاڵدا هاوبەشن و بۆ بەهێزهێشتنەوەشی سیاسەتی پاسپاسێنیان گرتووەتە بەر، کە ئەویش؛ قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان و هەڵاتن لە قەیرانەکانی نێوخۆی هەردوو وڵات و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی لەسەر کێشە نێوخۆییەکانیان و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی پێوەندیدار بە هەردوولایانە.