ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر(٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤) هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە سەرپەرەستیی حەمید تەیموری و هاوڕێیەتی ڕێناس محەممەدیان و سەید عەزیز سەیدنژادیان بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتیی سوسیال دێموکراتەکانی سوید بەڕێزان پاولا کارڤالهو ئۆلسۆن (Paula Carvalho Olsson) و ئۆتوو ویدمارک (Otto Widmark) چوونە ناوەندی پاڵمە سێنتر.
لەو دیدارەدا هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بۆ سەر کەمپەکانی حیزب لە باشووری کوردستان و بارودۆخی بنەماڵەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی تری ڕۆژهەڵات نیشتەجێ لە باشووری کوردستان خرانە بەر باس و لێکدانەوە. هەر لەو دیدارەدا باسی هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی کرا و کێشە و شەڕی ناوچەکە هاتە بەر باس کە ئاکامەکەی ڕەنگە بە زیانی کورد بە گشتی بێت.
سەرەکوەزیرانی سوید بەڕێز ئۆلف کریسترشوون (Ulf Kristersson) داوای لە پارلەمانی ئورووپا کرد کە سپای پاسداران بخەنە لیستی تێرۆرەو ئەمە خۆشحاڵیی هەیئەتی حیزبی بەدواوە بوو.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە باسی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە یەمەن و پشتیوانی ڕێژیمی ئاخوندی لەو ڕێکخراوە تێروریستییانە و هەروەها هاندانی حەشدی شەعبی و ناردنی مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل بوو، کە ئەمانە هەمووی شەڕی ئێران دەکەن.
هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکان زۆر سپاسی هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد بۆ دانی بەرچاوڕوونی زیاتر لەسەر هەلومەرجی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و هاوکات جەختیان لەسەر بەردەوامی کۆبوونەوەکان لە داهاتوودا کردەوە.
هەیئەتی حیزبیش سپاسی هەیئەتی سوسیال دێموکراتی کرد.