کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبی سەوزەکان لە ئوسترالیا

23:24 - 3 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر، هاوڕێیان سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا  و مەسعوود پیران هاوکاری بەشی پێوەندییەکان لە شاری بریزبن لەگەڵ سێناتۆر لاریسا واترز لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا کۆ بوونەوە.

لە سەرەتای دیدارەکەدا هاوڕێیانی حیزبی دێموکرات ڕاپورتێکی تەواویان لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد پێشکەش بە سێناتۆر لاریسا کرد و ئاماژەیان بە زەبروزەنگ و ئێعدام و ئەو ڕاودوونانەی ئەو دواییانەی سپای پاسداران کرد.

هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە داهاتەکانی ئێران سەرفی کارە نایاسایی و تێروریستییەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە دەکرێت و داوایان کرد کە وەک حیزبی سەوزەکان لە پارلەماندا پاڵپشتی پڕۆژەی بە  تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن حکوومەتی ئوسترالیاوە بکەن.

سێناتۆرلاریسا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە دیداری دوو لایەنە بە گرینگییەوە گوێی بۆ قسەکانی هاوڕێیانی حیزب ڕاگرت و بەڵێنی دا کە هەر کات ئەو داوایە هاتە بەرباس و دەنگ لە سەر بە تێروریست ناساندنی سپای پاسداران کرا بێ گومان حیزبی سەوزەکان بە تەواوی پشتیوانی لەو داوایە دەکات و وەک ڕابردوو پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای کورد لە ئێراندا دەکات.

بەشێکی دیکەی دیدارەکە تەرخان کرا بە چەند بابەتێکی گرینگی پێوەندیدار بە دۆخی کورد لە ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە وردی قسەیان لە سەر کرا و پلان و بەرنامەی بۆ دانرا.