کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی کاک مستەفا هیجری بە بۆنەی کۆچی دوایی جۆیس بلۆ

22:33 - 5 خەزەڵوەر 2724

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی جۆیس بلۆ، دۆست و پشتیوانی دۆزی کورد، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕێکەوتی ۲٤ی ئۆکتۆبری ۲۰۲٤ی زایینی، جۆیس بلۆ مامۆستا لە ناوەندی ئینالکۆ (ئەنستیتۆی نەتەوەیی شارستانییەت و زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان) و شارەزا لە بواری زمان و مێژووی ئەدەبیاتی کوردی لە پاریس، کۆچی دوایی کرد.
بلۆ لە زانکۆی سۆربۆن دوکتورای لە بواری زمانی کوردیدا وەرگرتووە. هەروەها  سەرنووسەری ژورناڵی لێکۆڵینەوەی کوردی و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس.
بلۆ لە سەرەتای دەیەی ٦۰ی زایینییەوە، واتە ئەو کاتەی  نە لە ناوەندە ئاکادیمییەکان و نە لە ڕۆژەڤی سیاسیی ڕۆژئاوادا کەمتر باس لە کورد دەکرا، دەستی بە توێژینەوە سەبارەت بە کوردستان کردووە. یەکەم بەرهەمی خۆی لە ساڵی ١٩٦٣ سەبارەت بە پرسی کورد چاپ کردووە. یەکێک لە دوایین بەرهەمەکانیشی لە ساڵی ٢٠١٢ سەبارەت بە ئەدەبیاتی کوردی چاپ بووە.
ئەم زانا ناودارە بە درێژایی پەنجا ساڵ، سەبارەت بە  پرسی کورد و کوردستان لێکۆڵینەوەی زانستیی ئەنجام داوە.
جۆیس بلۆ نەک دۆستی کورد بەڵکوو خەباتکارێکی ڕاستەقینە و بەپەرۆش بۆ گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافەکانی بوو.
بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە ناوبەدەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کۆچکردوو دەکەم.

 

مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣
٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤