کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولانەوە لە بازنەی شەڕدا

23:53 - 5 خەزەڵوەر 2724

خولانەوە لە بازنەی شەڕدا

سمایل شەرەفی

لە وڵامدانەوە بە دووهەمین هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "وادە سادقی ٢" نێودێر کرابوو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی ئیلام، خوزستان و تاران. ئەمە بۆ دووهەمین جارە ئیسڕائیل هێرشی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر ئێران، بەڵام یەکەم‌جارە بەفەرمی بەرپرسایەتییەکەی دەگرێتە ئەستۆ. دانیل هاکاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە پێوەندی لەگەڵ هۆکار و مەرامی ئەم هێرشەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکەی مانگی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسڕائیل کرد و گوتی بەشێک لەو پێگە بەربڵاوانەی دەسنیشانمان کردبوون کراونەتە ئامانج و زەبرێکی باشمان لە پێگە سەربازی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی وەشاندوە. لە بەرانبەردا سەرچاوە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامی وێڕای داننان بە کوژرانی چوار سەرباز و پلەداری سەربازی لە پێگە پەدافەندییەکان، بەڵام هێرشەکەی ئیسرائیلیان بە "سووک" و "بەرتەسک" ناو بردوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تا ئێستا دوو هێرشی مووشەکیی کردۆتە سەر وڵاتی ئیسرائیل و مافی بەرگری لە بەرانبەر هەڕەشە و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆخۆی بە ڕەوا دەزانێ، ئێستا بە بەزاندنی سنووری ئاسمانیی ئێران لەلایەن فڕۆکە شەرکەرەکانی ئیسرائیل لە تازەترین هێرشیان بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ئیلام و خوزستان و تاران قەڵسە و ئەم هێرشەی ئیسرائیل بە "دەستدرێژیی ڕێژیمی زایۆنی" ناو دەبات و وڵامدانەوە بەم "دەستدرێژییە" بە مافی خۆی دەزانێ. لەم پێوەندییەدا ستادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندراوێکدا، تەنیا کۆتایی‌هێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ‌غەززە و لوبنان بە پێشمەرجی خۆبواردن لە تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەزانێ. پرسێک کە وێناچی ئیسرائیلییەکان هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری بن و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەمە باش دەزانێ و بە جۆرێک هەوڵی مودیرییەتکردنیشی دەدات.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی ستادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە ئیدیعاکردنی ئەوەی گوایا مووشەکەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە وڵاتی عێراق و لە ١٠٠ کیلۆمەتریی سنورەکانی ئێرانەوە هاوێژراون و بۆ ئەو هێرشە لە پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق کەڵک وەرگیراوە، دەردەکەوێ کۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆی بۆ گەڕێکی دیکە لە خوڵانەوە لە بازنەی ئەم شەڕەدا ئامادە دەکات. بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی ستادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ئامریکا بەشێکە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ڕۆڵی "بنەڕەتی"ی تێدا گێراوە و کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر ئەوەدا بێ‌هەڵوێست نابێت.

لە درێژەی ئەم ڕەوتە لە پاسپاسێن و گەمە پێنگ‌پۆنگییەی ئێران و ئیسرائیلدا، بەرپرسانی سەربازیی و سیاسیی ئیسرائیل دەڵێن ئەگەر ئێران وڵام هێرشەکانمان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی بداتەوە و بیر لە تۆڵەکردنەوە بکاتەوە، ئێمە هێرشەکانمان بەربڵاو و کاریگەرتر دەکەین. خۆ ئەگەر سەیری ڕەفتاری هەردوو وڵاتی ئیسرائیل لە یەک‌ساڵی ڕابردوو و کێشەکانیان لە چەند دەیەی پێشوودا بکەین بۆمان دەردەکەوێ هەردوو وڵات بە خوێندنەوەیان لەسەر ماهییەتی یەکتر لە چوارچێوەی تێئۆریی "مودیرییەتی ناکۆکییەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش" پلانە ئیستراتێژییەکانیان دادەڕێژین. لەم تێفکرین و ڕەفتار و ئیستراتێژییە هاوبەشەیاندا تەوەری ئەساسی نەک بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و ئیسرائیل و داکۆکی لە گەلی فەلەستینە، بەڵکوو بەهێزکردن و ڕاگرتنی هەر دوو ڕێژیمی زایونیزم و مەهدەوییەتە. هەردوو وڵات لە شەڕێکی مودیرییەت‌کراوی هاوبەشی بەرتەسک و دوور لە خەساری زۆردا، بە قوربانیکردنی خاک و خەڵکی – یەکیان هی خۆی و ئەوی دیکەیان هی دیکە – لە مانەوەی خۆیان بە هەر قیمەتێک و مەرامە هاوبەشەکانیان دەگەڕێن.

ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شەڕ و ئاڵۆزییانە بەپێچەوانەی ئیدیعا پڕ لە ساختە و درۆینەکانی، نە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و نە خاكی ئەم وڵاتەیە. هێنانە بەرباس و ئیدیعاکردن لە "داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی ئێران" بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەرچی سەرکوتی نارەزایەتییەکانی نێوخۆ وڵات و هاشاوڵەکانی بۆ دەرەوەی وڵاتە بەو ناوەوە دەیکات، جیا لە هەوڵدان بۆ بەلارێدابردنی بیروڕای گشتی خەڵک و شاردنەوەی ماهیەتی ئیدئۆلۆژیکی لەژێر ئەو ناو و ئیدیعایانەدا شتێکی دیکە نییە. کۆماری ئیسلامی لە پێناو مەرامە ئیدئۆلۆگ و کۆنەپەرەستەکانی و، مانەوەی لە دەسەڵات و بەربڵاوکردنەوەی گوڕەپانی ئەو شەڕ و ئاژاوانەی لە ناوچەکە سازی کردوە، دەیان ساڵە سەروەت و سامانی خەڵکی وڵات لە تاقم و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە خەرج دەکات و خەڵکی لە هەژاری و وڵاتی لە وێرانی و دواکەوتووییدا هێشتۆتەوە؛ کەواتە کام بەرژەوەندیی خەڵک و خاک؟

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا بەردی درۆی داکۆکی لە گەلی فەلەستین و "مستعضفین"ی جیهانیش لە سینگ دەدەن و بە هۆی سیاسەتە شوومەکانیانەوە غەززە و بەیرووتیان بە وێرانکردن دا و بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکەیان تووشی مەرگ و ئاوارەیی کرد، کە گەلانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ئێران لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان بێبەشن و وڵات و خەڵکیان لەوپەڕی بێ‌هیوایی بە ژیان و دواکەوتووییدا ڕاگرتوە. کەوایە ئەم شەڕە جیا لە کوشتنی زیاتری ئینسانەکان و مەترسیی بۆ سەر هەردوو وڵات -نەک ڕێژیمەکان- و پەرەپێدان بە سیاسەتی شەرئەنگێزانەی هاوبەش لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات و قوربانیکردنی خەڵکی دیکە، جارێ درێژە دەکێشێ و بەم زووانە ئاسۆیەکی ڕوونی تێدا بەدی ناکرێ.