کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان

19:37 - 6 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣(٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤) شاندێکی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر داوای بەشی پەیوەندییەکانی سویدی پارتی دێموکراتی کوردستان، سەردانی لێژنەی ناوچەی سویدی پارتی دێموکراتی کوردستانیان کرد و کۆبوونەوەیەکی دۆستانەیان پێک هێنا.

شاندەکە بریتی بوو لە بەرپرسی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید، خاتوو نیشتمان عەزیزی و هاوڕێیەتیی ڕەحمان کاژەیی و عەلی درەختی.

سەرەتا شاندی خانەخوێ بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و باسێکی کورتی ڕەوشی باشووری کوردستانی کرد و تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی پارلەمانی کوردستان و ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا و بوونی لیستی فرەڕەهند و کاندیدی سەربەخۆ، وەکوو خاڵێکی بەهێز و جێگای ڕێز هەڵسەنگێندرا.

دواتر شاندی میوان وێڕای پیرۆزبایی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، هیوای خواست کە هەموو کێشەکان لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە یەکلایی بکرێنەوە.

پاشان لەسەر کار و چالاکییەکانی کوردانی وڵاتی سوید گفتوگۆ کرا و هەر دوولا لەسەر کاری هاوبەش و پشتیوانیکردن لە کۆڕ و کۆمەڵە فەرهەنگی و کلتورییەکانی کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید پێداگر بوون.