کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ بەڕێوەچوونی كۆڕێكی پرسە و ڕێزلێنان لە خەبات و تێكۆشانی خاڵە موتەلیب حەریقی

19:38 - 6 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، کۆڕێکی ماتەمینی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و فیداکاریی موتەلیب حەریقی، ناسراو بە خاڵە موتەلیب لە ستۆکهۆڵمی سوئێد بەڕێوەچوو. لەو کۆڕەدا ژومارەیەکی زۆر لە هاوسەنگەرانی دێرین و هاوڕێیان و ئەندامان و دۆستانی حیزبەكەمان بەشدار بوون.

دوایی بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەری کۆڕەکە، ئەمیر سوڵتانی، کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پاشان یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

دواتر پەیامی پرسە و سەرخۆشیی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید لەلایەن نەبەز عەلیدووستەوە خوێندرایەوە.

بەشێک لە ژیاننامەی خاڵە موتەلیب لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە ئەمیر سوڵتانییەوە خوێدرایەوە.

کورتە پەخشانێک لەلایەن ئەحمەد شێربەگی هاوڕێی لەمێژینەی خاڵە موتەلیب بە شێوەی تۆمارکراو بڵاو کرایەوە.

بەدوای ئەودا پەیامێکی دەنگیی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی بڵاو کرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا وتوێژێکی خاڵە موتەلیب، کە چەند ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ماڵپەڕی پێشمەرگەکان کردبووی، بڵاو کرایەوە. خاڵە موتەلیب لەو وتووێژەدا چۆنییەتیی ناسیاوی خۆی لەگەڵ شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر سادق شەرەفکەندی باس کردبوو.

دواتر چەند هاوڕێیەکی دیکەی خاڵە موتەلیب چەند بیرەوەرییەکیان لە چۆنییەتیی ئاشنابوونی خۆیان لەگەڵ خاڵە موتەلیب و لایەنەکانی ژیانی حیزبی و تاکەکەسیی ئەو نەمرە باس کرد، کە ئەوانیش بریتی بوون : ئەحمەد حەدداد، خالید جیهانی،  حەسەن قارەمانی و  دوكتۆر حوسێن خەلیقی.

دواتر قادر مێهفەر، ئەندامی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزب لەلایەن هەر دوو کومیتەی گشتی و ستۆکهۆڵمەوە سپاسی بەشداریی هاوڕێیان و دۆستانی حیزب و خاڵ موتەلیبی کرد.

خاڵە موتەلیب، لەدایکبووی شاری بۆكان، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە شاری ستۆكهۆڵم بەهۆی نەخۆشییەوە ڕێكەوتی ١٤ی ئوكتوبر كۆچی دوایی كرد.  ناوبراو ماوەی ٤٥ ساڵ بێ وچان لە ڕیزی حیزبی دێموكراتدا خەباتی كرد و لە شەڕی سێ مانگەدا بە سەختی بریندار بوو، كە ئاسەواری برینەكەی لەسەر جەستەی هەتاهەتایی بوو. ئەو پێشمەرگە و كادرێكی سادق و ڕاستگۆ و خەمخۆری حیزبەكەی بوو. كەسێكی جێ متمانەی ڕێبەرانی حیزب بوو كە ساڵانێكی زۆر لە بنكەی پەیوەندییەكانی حیزب و كۆمیسیۆنی ماڵی ئەركی پێسپێردراوی بەوپەڕی ئەمانەتدارییەوە بەجێ گەیاندووە.