کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێ خراپی لێک داوەتەوە؟

02:50 - 7 خەزەڵوەر 2724

کێ خراپی لێک داوەتەوە؟

 

عەلی بداغی

بە هێرشی سەربازیی ئیسڕائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەڕی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە چووەتە قۆناغی پێکدادانی ڕاستەوخۆ، دۆخێک کە چیدی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک بەرپرسیاری سەرەکیی دۆخە ناتوانێ خۆی لێ ببوێرێت. ئێستا خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم لە کاردانەوە بە هێرشی چەند ڕۆژ لەوەپێشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران کە تێیدا هەستیارترین ڕادار و ناوەندەکانی چاودێریی ئاسمانی، گرینگترین قەڵغانە دژە هەواییەکانی ڕێژیم وەک ئێس ٣٠٠ و، هەروەها ستراتیژیکترین چەکی سەربازیی ڕێژیم وەک بەشی سووتەمەنیی مووشەکیی ڕێژیم کرانە ئامانج؛ ڕایگەیاندوە کە ئیسڕائیل سەهووی کرد و لێکدانەوەکانی چەوت و هەڵەن. سەرفی‌نەزەر لەوەی خامنەیی و ڕێژیمەکەی لە بەردەوامیی ئەم دۆخەدا پلانیان چییە و چۆن مامەڵە لەگەڵ رەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو دەکەن، بەڵام پرسیار ئەوەیە هەر بەڕاست لەو نێوانەدا کام لایەن بەهەڵە چوون و کێن ئەوانەی لێکدانەوەکانیان بە زیان بۆیان شکاوەتەوە؟

- کۆماری ئیسلامی ٤٦ ساڵە قووتی خەڵکی ئێرانی بڕیوە و خەرجی هێز و میلیشیا جۆراوجۆرەکان بۆ شەڕی نیابەتیی دەکات، بەڵام ئێستا دەبینین ئەو هێزانە لە لوبنان و غەززەوە هەتا یەمەن و وڵاتانی دیکەش یەک لە دوای یەک گورزی گورچووبڕیان لێ دەکەوێ و لەپێ دەکەون. بەڕاست کێ لە لێکدانەوەکاندا هەڵەی کردوە؟

- کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان ساڵە بە بچووک و بچووکتر کردنەوەی سفرەی ژیانی خەڵکی وڵات، داهات و سامانی گشتیی ئێرانی بۆ تێکنۆلۆژیی دروستکردنی بۆمبی ئەتوم و پیشەسازیی مووشەکی خەرج دەکات، بەڵام بە دوو هێرشی سەربازیی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی وەها زەبرێکی وێ کەوتووە کە ڕێژیم ئەگەر حوکمەت و دەسەڵاتەکەی بشمێنێ -کە خەڵکی ئێران ئیزنی ئەوەی پێ نادەن- هەر ئێستا چەندین ساڵ و بە میلیارد دۆلاری دیکەی دراو پێویستە بۆ ئەوەی بۆ دۆخی سێ مانگ لەوە پێشی بگەڕێتەوە. بەو پێیە دەکرێ بفەرموێت کێ لە لێکدانەوەدا بەهەڵە چووە؟

- ڕێژیم دوای شەڕی ٣٣ ڕۆژەی لوبنان و ئیسڕائیل لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بەپێی داننانی خودی حەسەن نەسڕوڵڵا، سەرۆکی کوژراوی حیزبوڵڵا چەندین میلیارد دۆلار لە سامان و دارایی خەڵکی ئێرانی بۆ دروستکردنی ١٥ هەزار خانوو و باڵاخانە، ٧٠٠ کیلۆمەتر ڕێگاوبان، ٤٨ پرد و دەیان نەخۆشخانە خەرج کرد، هەروەها بەو ڕادەیەش بۆ غەززە و بۆ پڕچەککردنی حەماس لە تونێلەکاندا تەرخان کرا، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە سۆنگەی سیاسەتەکانی رێژیمەوە هەموو ئەو شوێنانە دیسان تەختی زەوی بوونەوە و چەند قاتی ئەوەندەش زیان و خەساریان وێ کەوتوە. هەر بەڕاست کێ هەڵەی کرد؟

- کۆماری ئیسلامی لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا بە سیاسەتی شەڕئەنگێزی، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ و ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە دۆڵپایەک بەسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و، بەو هۆیەوە دەیان ساڵە گەمارۆی ئابووریی خراوەتە سەر و، لەو سۆنگەیەشەوە بەرەوڕووی قووڵترین قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بووەتەوە. خۆ ئەگەر تەنیا نرخی تمەن وەک دراوی نیشتمانیی وڵات بە نموونە بێنینەوە، لە ماوەی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا کە لە سەرەتادا هەر دۆلارێک ٧ تمەن و ئێستا هەر دۆلارێک نیزیک ٧٠ هەزار تمەنە، بایەخی پووڵی وڵات ١٠ هەزار هیندە داڕماوە و ئەو داڕمانەش بۆ هەموو کەرتەکانی دیکەی ئابووریی وڵات شۆڕ بۆتەوە. ئێستا با جەنابی خامنەیی وەڵام بداتەوە کە کێ لە ستراتیژی و لێکدانەوەکانی خۆیدا بەهەڵە چووە؟!

- دوو ساڵە لەگەڵ هەر دۆڕانێکی تیمە وەرزشییەکانی ئێران لە مۆندیال و پێشبڕکێ جیهانییەکاندا خەڵکی وڵات دەڕژێنە سەر شەقامەکان و شادی و خۆشی دەکەن، ئێستاش کە ئێران بەرەوڕووی هێرشی دەرەکی و دەستدرێژیی وڵاتێکی دیکە بۆتەوە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئەم وڵاتە نەک بۆ ئەمە بەپەرۆش نین و پشتی حکوومەت ناگرن، بەڵکوو بەئاشکرا خودی خامنەیی بە بەرپرسیاری ئەم دۆخە دەزانن و، لە دژی ئەو هەڵوێست دەگرن و جەنابیان بە دوژمنی سەرەکیی خاک و خەڵک و وڵاتەکەی خۆیان دەزانن؛ ئێستا با هەر خۆی بفەرموێ کێ لە لێکدانەوەکانیدا سەهووی کردوە؟!

- لەوەتی کۆماری ئیسلامی هەیە زۆرترین بەشی بودجەی وڵات بۆ بنیات و ناوەندە سەربازی و ئایدۆلۆژییەکانی دەڕوات، کەچی پاش ٤٦ ساڵ سەرەکیترین کۆڵەکەکانی شەرعییەتی ئەم نیزامە سیاسییە داڕماون و خەڵکی ئەم وڵاتە نەک‌هەر، هیچ ئینتیمایەکیان بۆ ئەم حکوومەتە نییە، بەڵکوو وەک لە بزووتنەوەی ژیناشدا دەرکەوت ئامادەن هەموو تێچوویەکی گیانییش بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە بدەن و لە خەبات بۆ ئەو ئامانجەش بەردەوامن، ئەرێ هەر بەڕاست کام کەس و لایەن لە لێکدانەوەکانیاندا بەهەڵە چوون؟!

لە کۆتاییدا قسە هەزارە و دووانی بەکارە: ٤٦ ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمی نابوتکردنی ئیسڕائیل و ڕزگارکردنی قودسی بەرز کردووەتەوە، کەچی ئێستا دەزگای دیپلۆماسیی ڕێژیم دنیای وەئامان هێناوە و هەمووانی تکاکار کردوون بەشکم هەوڵ بدەن ئیسڕائیل وازی لێ بێنێ و شەڕەکە بەوەندە ببرێتەوە. دەیان ساڵە ڕێژیم بەوە دەنازێ چوار پێتەختی وڵاتی دیکە و سوپای جۆراوجۆری لە بەردەستە و بەهۆی پیشەسازیی پێشکەوتووی مووشەکیی خۆیەوە کەس ناوێرێ قامکی لێ ببزێوێت. کەچی ئێستا نەک هەر بووەتە هۆکاری شکستی سیاسی، سەربازی، ئابووری و هەرەسهێنانی ئەم وڵاتانە؛ بۆخۆیشی لە لێواری ڕووخان و داڕمان‌دایە. بۆیە لە دۆخێکدا کە ڕێژیم نە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا دۆست و هاوپەیمانێکی هەیە و نە لە نێوخۆی وڵاتدا دەتوانێ پشت بە پاڵپشتی و پشتیوانیی خەڵک ببەستێ و بەرەوڕووی بەربڵاوترین قەیرانەکان بووەتەوە، ئەوەی لە هەموو ئەو دەیان ساڵەدا بەهەڵە چووە و لێکدانەوەکانی چەوت بوون، هەر خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رێبەرانی ئەو ڕێژیمەن.