لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی شەهید محەممەد حەسەنزادە لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزاکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.
ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی باوک و خوشکی محەممەد، دایکی محەممەد و دوو ژنی دیکەیان دانە بەر لێدان و توندوتیژی کە بەم هۆیەوە دایکی محەممەد حەسەنزادە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە پاش تێپەراندنی ٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ و ١٤ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژەوە، سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە، لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی ناڕوونی خۆی، بێبەریبوون لە مافی چاوپێکەوتن و لێپرسینەوەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ، مانی لە خواردن گرتبوو.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئەحمەد حەسەنزادە و دایە عەزیمە، باوک و دایکی سۆلماز، بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و هەڕەشەیان لێ کرا و پێیان ڕاگەیاندبوون کە "ئەمە لەگەڵ جارەکانی پێشوو جیاوازە و بە ئاسانی ڕزگارتان نابێ و واز بێنن."
دوابەدوای دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و ئەحمەد حەسەنزادەش بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەحمەد حەسەنزادە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و شەهید کرا.