کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان/ مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی بەلووچ

16:53 - 8 خەزەڵوەر 2724

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، لە چلەمین حەفتەی خۆیدا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەرەوە، دیوانی باڵای ڕێژیم، حوکمی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی عەقیدەتیی بەلووچی پشتڕاست کردووەتەوە و ئەم حوکمە ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ئەمنییەتیی تاران کراوە.

بە وتەی ئەندامانی ئەم کەمپەینە، ئەم چوار بەندکراوە کە خۆیان ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانن، زیاتر لە ١٦ مانگە لە دۆخێکی خراپدا و لە بەندی ئەمنی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ڕاگیراون.

بە گوێرەی ئەم بەیاننامەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا نزیکە ٥٦٧ سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کراون کە ١٥٠ حاڵەتی لە مانگی ڕەزبەردا و ٢٧ حاڵەتیشی لە حەفتەی یەکەمی مانگی خەزەڵوەردا جێبەجێ کراوە.

لە چلەمین حەفتەی بەردەوامبوونی ئەم کەمپەینەدا، ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی کەهنووجی کرمانیش، ڕایانگەیاند کە لەم حەفتە بەدواوە پەیوەستی ئەم کەمپەینە دەبن و مان لە خواردن دەگرن.

ئەم کەمپەینە کە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە زیاتر لە ٨ مانگە بەردەوامە و بەندکراوانی دەیان بەندیخانە لە ئێران ڕۆژانی سێشەممەی هەموو حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرتووە.