ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر (٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤) کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری بریزبێنی ئوسترالیا کە پێکهاتبوو لە سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پێوەندییەکان و کامڕان سوهرابی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی حیزب لە ئوسترالیا بە مەبەستی پتەو ڕاگرتنی پێوەندیی دوو لایەنە، سەردانی دەفتەری سیناتۆر پۆڵ سکار لە حیزبی لیبراڵی ئوسترالیا کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەرایەتیی حیزب پیرۆزبایی سەرکەوتنی حیزبی لیبراڵی لە هەڵبژاردنەکانی ئیالەتی کوینزلەند لە سیناتۆر پۆڵ سکار کرد.
هەیئەتی حیزب بە هۆی قسەکانی سیناتۆر پۆڵ سکار لە پارلەمانی ئوسترالیا دژی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران سپاسی ناوبراویان کرد.
ناوبراو چەندین جار داوای کردووە کە حکوومەتی ئوسترالیا دەبێت بە زوویی سپای پاسداران بخاتە ناو لیستی تێرۆرەوە.
سناتۆڕ پۆڵ سکار لە ماوەی ڕێپێوانەکانی گەلانی ئێران لە ئوسترالیا لە ماوەی شۆڕشی ژینادا بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتاری زۆر بە هێزی پێشکەش دەکرد و پشتیوانی خۆی لە شۆڕشی ژینا بۆ گەیشتن بە ئازادی دەردەبڕی.
بەڕێز پۆڵ سکار خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ هاوڕێیانی حیزب دەربڕی و بەڵێنی دا کە ئەوەی لە دەستی بێت بۆ دۆخی ڕەوای گەلی کورد بیکا.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە ئاماژە بە ئاڵۆزییەکانی ئەو دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوشاری کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران بە دژی نەیارەکانی و خەڵکی وەزاڵەهاتوی ئێران بوو.