ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنان کە لە بزووتنەوەی ژینادا دەسبەسەر کرا، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگی لقی چواری بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە کرا.
ناوبراو بەپێی نامەیەک کە ڕۆژی یەکی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە دەستی گەیشتووە دەبێ ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.
سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە لە ٢١ ساڵ بەندکرانەوە بۆ ٢٨ مانگ گۆڕدرا و بەپێی ئەم سزایە، ناوبراو لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن" بێتاوان ناسراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی نیزام" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
بەپێی بڕگەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ زۆربوونی سزا داسەپاوەکان، زۆرترین سزا واتە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو بۆ ئەم چالاکە مەدەنییە جێبەجێ دەکرێ.
ژینا، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک میلیارد تمەن بەرز کردەوە.
ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."