کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کورد مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە

11:11 - 14 رەزبەر 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدرانی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، هۆشداری دا و خوازیاری ئازادکردنی ناوبراو بوو.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕوو لە هێزە بەناو دادوەریی ڕێژیم دەرکراوە هاتووە: پەخشان عەزیزی تەنیا بە هۆی چالاکیی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانە وەک یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی ئاوارەی سووریە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدران سزا دراوە.

ڕێکخراوی لیبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژە بە کاتی دەسبەسەرکرانی پەخشان عەزیزی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لەو کاتەوە هەتا ئێستا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدایە.

ئەم ناوەندە مافی مرۆییە لە بەیاننامەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بێسەروشوێنکردنی پەخشان عەزیزی وەکوو تاوان دێتە ئەژمار چونکە سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەکەی نەدراوە.

لێبوردنی نێونەتەوەی داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ لەسێدارەدانی پەخشان ڕابگرن و بە بێ مەرج ئازادی بکەن.

ئەم ڕێکخراوە وێڕای داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی جەختی کردووەتەوە کە هەتا کاتی ئازادکران، ناوبراو دەبێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بێت و بەرپرسایەتیی دۆخی تەندوریستیی پەخشانی خستە ئەستۆی ناوەندە بەناو دادوەرییەکانی ڕێژیمەوە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی ناوبراودا، کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی بڵاوی کردەوە، لەکاتێکدا کە دۆسییەی  پەخشان عەزیزی و بنەماڵەکەی بۆ داوای پێداچوونەوە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کراوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای بەندکرانی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەخشان عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی تاران وەک خۆی پشڕاست کراوەتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە بۆ پەخشان عەزیزی و بنەماڵەکەی دۆسییەیەک کراوەتەوە.

سزای یەک ساڵ بەندکرای داسەپاو بەسەر هەر کام لە عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسین عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی تاراندا وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

لەم دۆسییەیەدا کەسانێکی دیکەش تۆمەتبار کراون کە هێشتا ڕوون نییە بۆچی لەم دۆسییەیەدان و ئەم کەسانە کێن.

پێشتر سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەر کام لەم کەسانە لەگەڵ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" دەر کراوە.