دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ی كوردی، لە گۆڕەپانی سێرگل لە ناوەندی شاری ستۆكهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید، خۆپێشاندانێک بۆ ڕیسواكردنی ڕێژیمی ئێران وەک خوڵقێنەری هەینی خوێناوی خەڵكی بەلووچستان، بەڕێوەچوو.
لەو خۆپێشاندانەدا كە حیزبی خەڵکی بەلووچستان(حزب مردم بلوچستان) پێكی هێنابوو، چەندین لایەنی سیاسیی ئێرانی و كوردستانی بەشدار بوون و پەیامیان پێشكەش كرد.
كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لە وڵاتی سوید وێڕای ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە شاری ستۆكهۆڵم بەشدار بوون و پەیامی كۆمیتەش لەلایەن بیژەن قارەمانییەوە خوێندرایەوە.
لە پەیامەكەی كۆمیتەدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵكی بەلووچستان و پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای ئەو نەتەوە چەوساوە، هاوكات پێداگری لەسەر هاوخەباتی گەلانی ئێران و بەردەوامی لە تێكۆشانی سیاسیی دژ بە ڕێژیمی تیرۆریستیی كۆماری ئیسلامی ئێران و كەڵکوەرگرتن لە دەرفەت و ئاڵوگۆڕەكانی دوای بزووتنەوەی ژینا بۆ تێكەوەپێچانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری و سەرەڕۆی ویلایەتی فەقیهـ كرابوو.
كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵیش بە پەیامێک بەشدار بوون كە لە لایەن جەمیلە حەسەنخاڵییەوە خوێندرایەوە.
شایەنی باسە كە كۆمیتەی سوئێدی ئەنجومەنی ناوەندی زیندانییانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون و ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو.