کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵێک دوای ٧ی ئۆکتۆبر

09:38 - 16 رەزبەر 2724

مەنسوور مروەتی

 

حەوتی ئوکتوبر یان پازدەی ڕەزبەری یەک‌ساڵ بەسەر هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناچەکانی باشووری ئیسرائیل تێ‌دەپەڕێ.

ئەو ڕۆژە کۆمەڵێک لە لاوانی ئیسرائیلی و گەشتیاری وڵاتان بۆ بەڕێوەبردنی فستیواڵێکی دوو ڕۆژە چووبوونە ئەو ناوچەیە کە کاتژمێر شەش و نیوی بەیانی کەوتنە بەرپەلاماری چەکدارانی حەماس و لە گرتن و کوشتن و ڕفاندنەوە بگرە تا دەستدرێژی بۆ سەر ئەو لاو و گەشتیارانە درێغییان نەکرد. ئەو پەلامارەی حەماس لە کاتێکدا بوو کە ماوەییک بوو چەند وڵاتێکی عەرەبی خەریکی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل بوون و ئێران بە ئاشکرا پێناخۆش بوون و هەڕەشەی خۆی لەو ئاسایی کردنەوەیە نەدەشاردەوە. تا وای لێهات سێ ڕۆژ دوای وتارێکی خامنەیی ئەو پەلامارەی کە لە لایەن حەماسەوە بە (طوفان الاقصی) ناوی لێنرا لە بەرەبەیانیی ڕۆژی حەوتی ئوکتوبردا قەوما و شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکرد. خامنەیی و کاربەدەستانی ئێران هەر زوو کەوتنە خۆ نواندن و تاریف لەو پەلامارە. بەڵام دوای چەند ڕۆژێک و دژکردەوەی توندی ئیسرائیل و کاردەنەوەکانی وڵاتان بەرەبەرە زمانیان گۆڕا و بێ بەری خۆیان لەو پەلامارە ڕاگەیاند. بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی بۆ دنیا ڕوون و ئاشکرا بوو ئەوە بوو کە ئێران لە ڕێگای حەماس و دواتر هێزە ڕاسپێراوەکانی خۆی لە ناوچەکە شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە گەڵ ئیسرائیل دەستی پێکردبوو. ئیسرائیل دوای چەند ڕۆژ و خۆ کۆکردنەوە و دەرکردنی چەکدارانی حەماس لە وڵاتەکەی هێرشێکی توندی بۆ سەر کەرتی غەززە و چەکدارانی حەماس دەست پێکرد. ئێستا لەکاتێکدا یەکساڵ بەسەر حەوتی ئوکتوبردا تێدەپەڕێ کە لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی ئەو کات ناڕاستەوخۆ و ئێستا ڕاستەوخۆ هەڵگیرسێنەری شەڕێکە کە تێدا بەدەیان هەزار کوژرا و چەندین میلیۆن ئاوارەی لێکەوتووتەوە.  هەتا ئێستا بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ زیاتر لە ٤٢هەزار کەسی سیڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە غەززە کوژراون، بەهەزاران چەکدار گیانیان لە دەست داوە و ئەو ناوچەیە جگە لە وێرانەییک هیچی بۆ نەماوەتەوە. لە هێرشی و وڵامدانەوەی بەردەوامی ئیسرائیل تا ئێستا زۆربەی هەرەزۆری بەرپرسان و فەرماندەکانی حەماس و لە سەرووی هەموویانەوە ئیساعیل هەنیە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون و بەکردەوە حەماس نە کەسێکی وای لێماوەتەوە و نە ئەو وڵاتەش ئاوەدانییەکی وای تێدا ماوە. لەو ماوەیەشدا ئێران لە ڕێگای حیزبوڵلای لوبنان و حەسیەکانی یەمەن و موقاومەی ئیسلامی عێراق وای لە پەلاماری سەر ئیسرائیل نەهێناوە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیل بەو هێزانە و بەتایبەتی حیزبوڵای لوبنان بەڵام ئەوان لە سەر ڕاسپاردەی ئێران درێژەیان بە پەلامارە مووشەکیەکانی خۆیان دا. ئەمجارە ئیسرائیل دەستی کرد بە لێدانی حیزبوڵڵا و هێرش بۆ سەر لوبنان کە ئەویش تا ئێستا بەهەزاران کورژاو و سەتان هەزار ئاوارە و ماڵوێرانیی لێکەوتووتەوە، لەو هێرشانەی ئیسرائیلدا ئاخریەکەی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵلاش لە پەلاماری ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە گەڵ چەندین فەرماندە و بەرپرسی حیزبوڵلا و سپای پاسدارانی ئێران پێوە بوون و کوژران. تەنانەت لەم پەلامارانەی ئەم چەند ڕۆژەدا باس لە کوژرانی سماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودسی ئێران و جێگری حەسەن نەسروڵاش دەکرێ.

ڕۆژی دەی ڕەزبەر و دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا و عەباس نیلفرووشان چیگری عەمەلیاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئێران بە تۆڵەی کوژرانی ئەوان و سماعیل هەنیە هێرشێکی مووشەکیی ڕاگەیاندراوی کردە سەر ئیسرائیل کە تێدا زەرەرێکی وای لەو وڵاتە نەدا. ئەو پەلامارەی ئێران کە بۆ جاری دووهەم لە چەند مانگی ڕابردوودا بوو،ئێرانی ڕاستەوخۆ لەو شەڕە تێوەگلاندوە و وێدەچێ کە لە ئاکامی شەرەنگێزیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەم ئێران و هەم ناوچەکە لە شەڕێکەوە تێوبگلێن کە خواستی خەڵکەکە نییە و تەنیا هۆکار و هەڵگیرسێنەری تەنیا کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری ئەم ڕێژیمە عەلی خامنەییە.

ئێستا ئەگەر بە خێرایی ئاورێک لە کاتی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ٤٥ ساڵ لەوە پێش بدەینەوە دەبینین کە چل و سێ ساڵ لەوەپێش و لە ئاکامی دەستێوەردانی خومەینی و هاندانی خەڵکی عێراق بۆ شۆڕش بە دژی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق هەڵگیرسا کە بە ملیونان مرۆڤ لە هەردوولا کوژران و بریندار و ماڵوێران بوون. لەو کاتەدا تەنیا ئەو قسەیەی خومەینی رێبەر و دامەزرێنەری ئەم ڕێژیمە وەبیر دێنینەوە کە لەگەڵ هەموو ئەو ماڵوێرانییەی تووشی ئەم دوو وڵاتەی کردبوو، کوتی " شەڕ بۆ ئێمە نیعمەتە". لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئێستا لەم ناوچەیە دەگوزەرێ و ئەم ئاورەی کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی هڵگیرساوە هەر لەو قسەیە و لەو ئیدئۆلۆژیە شەڕانگێزانەی خومەینی و خامنەییەوە سەرچاوە دەگرێ و وێدەچێ ناوچەکەش بگرێتەوە. بەڵام ڕاستییەک لەم نێوەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە تا کاتێک ئەم ئیدئۆلۆژی و ڕێژیمە شەڕانگێز و شەڕخوازە لە ئێران و لەم ناوچەیە بمێنێتەوە، نە خەڵکی ئێران و نە خەڵکی ناوچەکە ئارامی و ئاسایش بە خۆیانەوە نابینن. لە کۆتاییدا ئاسۆ ڕوونە و مەرگی دیکتاتۆر و شەڕخوازان نزیکە.