کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ ژنی بەندکراوی سیاسی داوایان لە بەرپرسانی زیندانی ئێڤین کردووە دەست لە ئازاردانی ڕەگەزیان هەڵبگرن

10:47 - 16 رەزبەر 2724

٢٢ ژنی بەندکراوی سیاسی و ئایینیی بەندیخانەی ئێڤین واژۆیان لەسەر نامەیەک کرد و داوای کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە سێکسی و ڕەگەزییەیان کردووە کە دەکرێتە سەریان. لەو نامەیەدا ڕایانگەیاندووە کە بە بیانووی جیاواز یان لە کاتی گەڕانی نائاسایی جەستەییدا لەلایەن کارمەندانی بەندیخانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.

ئەوان لەو نامەیەدا پشکنینی جەستەی کە دەبێتە هۆی دەستدرێژیو  ئازاردانیان، بە کارێکی نائاسایی ناو بردووە و داوایان کردووە کە دۆخەکە چارەسەر بکەن.

هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر بەرپرسانی بەندیخانە چاوپۆشی لە دۆخی ئێستایان بکەن، ئەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، نەرگس محەممەدی لە ٢٢ کەسی واژۆکاری ئەو نامەیەن.

پێشتریش چالاکانی مەدەنی و ژنە بەندکراوە سیاسییەکان چەندین جار لەسەر ئازاردان و دەستدرێژیی سێکسی لەلایەن کارمەندانی بەندیخانەکانی ئێران سکاڵایان کردبوو، بەڵام ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران دەستدرێژی و ئازاردانی زیندانییانی ژن ڕەت دەکاتەوە، و وتوویەتی کە زیندانی ژن و پیاو لە یەکتر جیان و چاوەدێریی زیندانی ژنان لە ئەستۆی کارمەندانی ژنە و چاوەدێر و کارمەندی پیاو لە زیندانی ژناندا نییە.