دوابەدوای دەستبەکاربوونی کەمپەینی مافخوازی بۆ چوار بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، گرووپێک لە چالاکانی ئەم کەمپەینە خوازیاری "گەمارۆی مافی مرۆیی" و "بەدواداچوونی نێونەتەوەیی دادوەرەکانی دیوانی باڵای ڕێژیم" بوون.
بە وتەی ئەم گرووپە قاسم مەزینانی، بەرپرسی لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم، مستەفا بەرزگەر گەنجی جێگری لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم و ئیمان ئەفشاری بەرپرسی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب لە تاران، دەبێ سەبارەت بە لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، گەمارۆیان بخرێتە سەر و بەدواداچوونیان بۆ بکرێ.
بە وتەی ئەندامانی ئەم کەمپەینە، ئەم بەناو دادوەرانە لە لەسێدارەدانی وەفا ئازەربار، موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و پژمان فاتحیدا دەستیان هەبووە و دەبێ لە چوارچێوەی دادوەریی یەکیەتیی ئورووپا و بەپێی سەڵاحیەتی دادوەریی جیهانیی، بەدواداچوونی یاساییان بۆ بکرێ.
ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە سەرەڕای داواکاری و ناڕەزایەتیی زۆر لە ئاستی نێونەتەوەییدا، لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە دران.
هاوسەرەکانی ئەم چوار بەندکراوە لەسێدارەدراوە لە ماوەی ڕابردوودا بە هاوکاریی پارێزەر، فەراز فیرووزی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سکاڵایەکیان دژی ڕێژیم تۆمار کردووە و داوای ڕادەستکردنی تەرمەکان و کۆتاییهێنان بە بێسەروشووێنکردنی زۆرەملێی تەرمی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە لەسێدارەدراوەیان کردووە.
وەفا ئازەربار، موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و پژمان فاتحی بۆ ماوەی ١٩ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە، لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە بێسەروشوێن کران و لە ٩ی ڕێبەنداندا و تەنیا چەند کاتژمێر پێش لەسێدارەدرانیان چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوت.