کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەرینی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حیزب

15:51 - 16 رەزبەر 2724

لە درێژەی کۆڕ و کۆبوونەوە تەشکیلاتییەکانی بەشی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ ( ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤) لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە لە وڵاتی سوید و بە بەشداریی بەڕێز خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب دێموکرات کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتیی بەرین بۆ ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە پێکهات.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد، بەڕێز کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمەڵێک پرس و بابەتی سیاسی و تەشکیلاتیی هێنایە بەر باس.

بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە لە ناوچەکە هاتوونە ئاراوە و ڕاستەوخۆ دەستی شەڕئەنگێزانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی‌ تێدایە، باسی لە ئەرک و وەزیفەی ئەندامانی حیزب کرد.

وتەبێژی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتنی هاوڕێیانی حیزبی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە قازانجی پرسی کورد و بەرنامەکانی حیزب‌، باسی لە ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە پێوەندی لەگەڵ دەسپێڕاگەیشتنی خیرا بە زانیارییەکان  کرد و بیروڕا گۆڕینەوەی بەکارهێنەرانی بە گرینگ زانی و لەم پێوەندییەدا لەسەر شێوەی بەکارهێنان و چۆنیەتیی دەرکەوتنی ئەندامانی حیزب و نووسین و قسەکردن لەسەر پرس و بابەتەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەندامانی حیزبی ئاگادار کردەوە کە پێویستە ڕەچاوی هەڵوێست و ڕوانگەکانی حیزب بکەن.

لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەڕێز خالید عەزیزی قسەی بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد و وەبیری هێنانەوە کە؛ بەپێی پێڕەوی نێوخۆی حیزب سەبارەت بە پشتیوانی لە جووڵانەوەی ڕەوای گەلەکەمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەجووڵێینەوە و دەست لە کاروباری هیچ پارچەیەکیان وەرنادەین و ڕێز لە سەروەریی سیاسییان دەگرین و سەرنج و هەڵوێست و کرداری خەباتکارانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

لە پێوەندی لەگەڵ هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر پرس و بابەتە سیاسییەکانی تایبەت بەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا لە ئارادان، کاک خالید عەزیزی پەرژایە سەر ڕابردوو و ئەزموونی دوور و درێژی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ڕووداوەکان و خوێندنەوەی درووست و واقعبینانەی حیزب و  تێپەڕاندنی سەربەرزانەی گشت ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

 لەم پێوەندییە‌دا بەڕێزیان وتی: حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا نیشانی داوە بە پشتبەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و چالاکی و گیانفیدایی ئەندامان و تێکۆشەرانی خۆی و سیاسەتی دەروەستانەی ڕێبەرییەکەی توانای زاڵبوون بەسەر گشت کەندوکۆسپ و قەیرانەکاندا هەیە و هەر ئەو ڕابردووە پڕ لە ئەزموونەشە وای کردووە حیزبی دێموکرات دوای ئەو هەموو زەبرە قورسانە کە بەری کەوتوون، درێژەی بە خەبات بدات و وەک ئەکتەرێکی گرینگی مەیدانی سیاسەت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکەدا چاوی لێ بکرێ.

لە پێوەندی لەگەڵ مەیدانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌، وتەبێژی حیزب وتی؛ ئێمە لە چوارچێوەی ئێراندا خەبات دەکەین و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە کوردستانی ئێران پێویستمان بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەیە، بەڵام سەبارەت بە ئاڵترناتیڤسازی ئەوە بەتەنیا بەس نییە و حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە دێموکرات و پێشکەوتنەخوازەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەسەر خەتە.

لە دوایین بەشی کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزب، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بەشدارییان لە باسەکاندا کرد و بە بۆچوون و تێبینی و پێنشیارەکانیان، کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەند کرد کە دواتر لەلایەن کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبەوە سەرنج خرایە سەر بۆچوونەکانیان.