ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا پەرژاوەتە سەر پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی ژنان لە مانگی سێپتامبردا و ڕایگەیاندووە کە لەم مانگەدا ٨ چالاکی ژن دەسبەسەر کراون، سزای بەندکران بۆ ١٦ ژن دەرکراوە و لانیکەم ١٥ حاڵەتی ژنکوژیش لە ئێرادا ڕوویان داوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە مانگی ڕابردووی زایینیدا ٨ چالاکی ژن، واتە ڕێژەی ٨.٥ لەسەدی ئاماری گشتیی دەسبەسەرکراوان لەم مانگە لەوانە سێ چالاکی ژنی کورد بە ناوەکانی مینا سوڵتانی و سروە ڕەشیدی خەڵکی بۆکان و پەرەستوو ئەحمەدی خەڵکی مەریوان، لەلایەن هیزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی سێپتامبردا، لانیکەم ٨ ژن بە گشتی بە ١٤ ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی سزا دراون. لەم نێوانەدا پرشنگ عەزیزی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوە.
لەلایەکی دیکەوە لانیکەم ١٥ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن هاوسەر، باوک، برا، کوڕ، کوڕەمام، خوازبێنیکەر و نزیکانی ژنانەوە تۆمار کراوە.
لە کۆی ١٥ حالەتی ژنکوژی، ٤ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی شەرەف، ٨ حاڵەت بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی، ٢ حاڵەت بە هۆی کێشە لەسەر مارەیی و داواکاری بۆ هاوسەرگیری و ژنێکیش لە ئاکامی دزیکردندا کوژراون.