کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراو لەبارەی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

10:44 - 17 رەزبەر 2724

ڕاگەیەندراو لەبارەی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

لە کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا نوێترین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان، ئێران و ناوچە هەڵسەنگێندرا و پێداگری لەسەر ئەوە کرایەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای زیاتر لە چوار دەیە قەیرانخوڵقێنی و ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لاوازتر لە هەموو کاتێکە و بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی شەرعییەتی سیاسی هەم لە نێوخۆ و هەم لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بووەتەوە.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، بە بەشداریی نیزیک بە تەواوی ئەندامانی ڕێبەڕی و بە مەبەستی تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسیی ئێران و ناوچە و، هەروەها کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئێران و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی حیزبی دێموکرات و خەباتی مافخوازانەی کورد لە ئێران دەستی پێکرد. دواتر کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان خوێندنەوە و لێکدانەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی لەسەر نوێترین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕوانگە و سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە هەمبەر ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی ڕۆژەڤ شی کردەوە. لە بڕگەکانی دواتری کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ڕێبەری ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو باسانە خستەڕوو و ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبیان بۆ کۆمەڵە ئەرک و بەرپرسایەتییەک ڕاسپارد.

ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە هەڵسەنگاندنی شەڕی نوێی ناوچەکە کە ساڵی ڕابردوو بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستی پێ کرد و لە ئێستادا چووەتە دووهەمین ساڵی خۆیەوە، ڕای وابوو کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دنەدەر و هەڵایسێنەری ئەم شەڕە بوو، پێی وانەبوو لێکەوتەکانی بەم قوورسییە لەسەر خۆی  دەشکێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم یەک‌ساڵەدا لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی خۆیەوە و هەروەها بە دوو جار هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسڕائیل بەشداریی ڕاستەوخۆی لەو شەڕەدا کردوە. شەڕێک کە لەودا شەرعییەت و پێگەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا زیاتر لە جارانیش چووە ژێر پرسیار و ئێستا پتر لە جاران بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دادەنرێت. شەڕێک کە نەک هەر شەڕی گەلانی ئێران نییە، بەڵکوو دوورنیزیک پێوەندیی بە وڵاتی ئێرانیشەوە نییە؛  کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شەڕەدا لەلایەک سامانی دەیان ساڵەی وڵاتی بۆ شەڕئەنگێزی، تێرۆریزمی دەوڵەتی و پڕچەککردنی گرووپە نیابەتییەکانی بەفیڕۆ داوە و، لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ئێرانی بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانی بەبارمتە گرتوە. شەڕێک کە ڕێژیم لە تەواوەتیی خۆیدا تێیدا دۆڕاوە، بەڵام لەسۆنگەی وشیاری سیاسی و هاوخەباتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەوە دەکرێ بە قازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و ڕزگاریخوازیی گەلانی ئێران بشکێتەوە.

ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بەشە لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنەکەی خۆیدا پێی وابوو ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا لەسەرهەستتر و ئامادەتر لە جاران بجووڵێتەوە، ئەگەر لەسەر بنەمای گوتاری هاوبەش بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و بنیات‌نانەوەی ئێرانی داهاتوو جدیتر هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤ دژی ڕێژیم بدات و هەروەها بتوانێ توانا و وزەی خەباتگێڕیی هەموو لایەنەکان لەدژی ڕێژیم کۆ بکاتەوە؛ لەم هەلومەرجەدا دەسکەوتی زۆر و پڕبایەخ لە بەرژەوەندیی خەباتی مافخوازانەی گەلانی ئێران مسۆگەر دەکات.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر تیشکی ئەزموونەکانی پێشووی پاشەکشەی ڕێژیم لەو کاتانەدا کە لەژێر گوشاری دەرەکیدا بڕستی لێ دەبڕێ و توانای بەردەوامی لەسەر سیاسەتە ئایدۆلۆژییەکانیدا نامێنێ ، ئەم دۆخەی بە قازانجی بەرەوپێشچوونی خەباتی مافخوازانەی گەلانی ئێران لە نێوخۆی وڵات لێک‌دایەوە. هەر لەو پێوەندییەشدا هەوڵدان بۆ متمانەسازی و یەکگری و هاوخەباتیی زیاتری نەتەوەکان لە ئێران و کاری بەکردەوەی پتری ئۆپۆزیسیۆن و لایەنە سیاسییەکان دژی کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی هەمووان و زەروورەتی هەرە گرینگی خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە ئێستادا داندرا.

کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش تاوتوێی چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خستنە بەر باسی کۆمەڵە بابەتێکی نێوخۆیی و دەروون‌تەشکیلاتیی حیزب کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣