ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی ڕەزبەر (٥ و ٦ی ئۆكتۆبر) كۆبوونەوەی كۆڕی گشتیی "هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" لە شاری هانۆفێری ئاڵمان بە بەشداریی زۆربەی هەیئەتەكانی نوێنەرایەتی بەڕێوە چوو .
لە كۆبوونەوەی كۆڕی گشتیی "هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران"دا كە هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێ، سێ تەوەر كەوتنە بەر باس کە بریتی بوون لە: پێداچوونەوە بە دۆخی ڕێكخراوەیی و ئایینامەی هاوپەیمانی، باس لەسەر ڕاپۆرتی وتووێژەكانی هەیئەتی نوێنەرایەتی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ پێكهێنانی پلاتفۆرمێكی سیاسی و باس لەسەر كار و تێكۆشانی داهاتووی هاوپەیمانی .
كۆبوونەوەی كۆڕی گشتی دوای دوو ڕۆژ باس و ڕاگۆڕینەوەی چڕوپڕ سەبارەت بە هەر كام لەو تەوەرانەی سەرێ، ڕیزە بڕیار و ڕاسپاردەیەكی بۆ درێژەدان بە تێكۆشان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی تەشكیلاتی، ڕاگەیاندن و گفتوگۆ و هاوكاری لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پەسەند كرد .
سەبارەت بە هاوكاری لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەكانی كۆماریخواز، كۆڕی گشتی پێی لەسەر ئەوە داگرت كە هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران ئامادەی هاوكاری میدانی لەگەڵ زۆربەی لایەنەكانی كۆماریخوازە و، لەو بارەوە ڕیزە بڕیار و ڕاسپاردەیەک پەسەند كران .
لە كۆبوونەوەی كۆڕی گشتیی "هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران"، هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێکهاتوو لە خالید حەسەنپوور ئەندامی ڕێبەری، بەهار حوسێنی بەشی پەیوەندییە ئێرانییەكانی ئاڵمان و ئارێز داراپوور هاوكاری بەشی ئێرانییەكان بەشدار بوون .
"هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" لە ١٤ حیزب و ڕێكخراوی سیاسی ئۆپۆزسیۆن پێک هاتووە و لەپێناو بەدیهێنانی نیزامێكی فێدراڵی لە ئێراندا تێدەكۆشێ.