ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی دەسبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژینا بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ژنانی سنە کرا.
ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ دەچێتە بەندیخانە تاکوو ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕ بکات.
ژینا لەم پۆستەدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ ئەچمە بەندیخانەیەک کە پەراوێزخستن و هەڵاوارادن لەوێ سێ قاتە. بەندیخانەی ژنانی سنە! پەراوێزخستن و هەڵاواردنی ڕەگەزی، چینایەتی و نەتەوایەتی. بەم حاڵەوە کاتێک کە کەلوپەلەکانم بۆ بەندیخانە ئامادە دەکرد پێش هەموو شتێک هیوام خستە جانتاکەمەوە. من بە هیواوە ئەچمە ئەوێ."
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر، ژینا مودەڕس گورجی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگی لقی ٤ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سنە کرا.
سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی دەسبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژینا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە لە ٢١ ساڵ بەندکرانەوە بۆ ٢٨ مانگ گۆڕدرا و بەپێی ئەم سزایە کە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە دەرکراوە و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر بە پارێزەرەکەی ژینا مودەڕس گورجی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن" بێتاوان ناسراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی نیزام" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
بەپێی بڕگەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژەی تاوانە داسەپاوەکان، زۆرترین سزا واتە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو بۆ ئەم چالاکەی بواری ژنان جێبەجێ دەکرێ.
ژینا، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژینادا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.
ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."