کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی یەکیەتیی لاوان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست

19:33 - 19 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی هەینی، ١٨ی خەزەڵوەر(٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٤) کۆبوونەوەی ساڵانەی یەکیەتیی لاوانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالست تایبەت بە کۆمیتەکانی ناوچەکانی مەدیتەرانە و دەریای ڕەش بە هاوبەشی لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، سەرەتا هەر کام لە ڕێکخراوەکانی بەشدار ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی کۆبوونەوەکە کرد.

هاوڕێ کەماڵ مەحیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوان لەم بەشەدا سەبارەت بە دۆخی کورد و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند بابەتی هێنایە گۆڕێ کە بریتی بوون لە: بارودۆخی سیاسی و ئابووریی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ناکارامەیی ڕێژیم لە دابینکردنی هەلی کار بۆ لاوان بە هۆی گەندەڵی ناوخۆیی و هەڵاوسان، کە ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی کۆڵبەری وەک دیاردەیەکی پڕ کارەسات و مەترسی بۆ سەر ژیانی تاکی کورد.

بەشداریی چالاکانەی لاوانی کورد لە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی خۆسەپێنی تاران بە تایبەت لە بایکۆتی هەڵبژارنەکانی ئێران لەماوەی ڕابردوودا، تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتی یەکیەتیی لاوان بوو کە تێیدا بە چڕی پرسی نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد و بێبەشکردنی لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردندا بۆ بەشداربووان ڕوون کرایەوە.

پانێلی دووهەمی ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بە شەڕی نێوان ڕوسیە و ئۆکراین کە لەوێ بەڕێز ئاندریاس شیدەر وەکوو ئەندام پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا بەشداری پانێلەکە بوو و لە میانەی بابەتەکاندا نوێنەری یەکیەتیی لاوان سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی نێگەتیڤی سپای پاسداران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دابینکردنی چەک و دڕۆن بۆ ڕووسیە لە دژی خەڵک و خاکی ئۆکراین.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بە سەردان بۆ پارلەمانی ئوتریش لە ڤییەن و باسێک لەسەر مێژووی ئۆتریش و پارلەمانی ئەم وڵاتە، کە "کای-ژان کراینەر" ئەندام پارلەمانی ئۆتریش لە حیزبی سۆسیالیست چەند بابەتێکی جێگای سەرنجی بۆ بەشداربووان خستە ڕوو.