وریشە مورادی(جوانا سنە)، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدان سزا درا.
وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لەلایەن لقی ١٥ی داداگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵواتی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا.
ئەم چالاکە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا دوو جار لە لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تارانەوە بانگ کراوە و بە "بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" تۆمەتبار کراوە.
وریشە مورادی لە کۆبوونەوەکانی دادگاییکرانیدا مافی بەرگری لە خۆی پێ نەدراوە و دادوەر سەڵواتی تەنانەت ئیزنی بە پارێزەرەکەشی نەداوە کە بەرگری لە ناوبراو بکات.
وریشە مورادی لە دۆسییەیەکی دیکەدا و لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی "ڕەزا ڕەسایی" هاووڵاتیی کوردی یارسان لە دۆسییەیەکی هاوبەش لەگەڵ ٤ بەندکراوی سیاسیی ژنی دیکەدا بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەرەوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووس و بێبەریبوونی لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتبوو کە پاش ٢٠ ڕۆژ و لەسەر داوای بەردەوامی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ٨ی خەزەڵوەردا کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.
وریشە مورادی لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا لە سنە و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵدا، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات واتە بەندی ٢٠٩ بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی گشتیی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.