ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراوای سیاسی لە زیندانی ئێڤین، لە ناڕەزایەتیی بە حوکمی لەسێدارەدانی وریشە مورادی، دروشمیان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وتەوە و خوازیاری ئازادکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بوون.
دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان دژی وریشە مورادی، کاردانەوەی زۆری لەنێو زیندانییانی سیاسیدا لێ کەوتووەتەوە و لەو پێوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤین لە حەوشەی بەندی ژنان دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە.
بەنکراوانی سیاسی ژن لەو ناڕەزایەتییەدا دروشمگەلێکی وەک: ''وریشە دەبێ ئازاد بکرێت، پەخشان عەزیزی دەبێ ئازاد بکرێت، نەمان بۆ دیکتاتۆر، ڕێژیمی ئێعدامی نابێ بمێنێت، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، ئازادی مافی ئیمەیە'' وتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە تۆمەتی "بەغی" لە بەهۆی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.