سەدان چالاکی مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، دەرکردنی سزای لەسێدارەدانیان بۆ وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد، مەحکووم کرد.
بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە تاوانی وریشە کە بەرگریکردن لە ماف و ئازادییە بنەماییەکانی هاووڵاتییەکانی بووە جەختی کردووەتەوە کە ئازادیی وریشە بە مانای ئازادیی ئێرانە.
ئەم چالاکانە پشتڕاستیان کردووەتەوە، ژنان لە ئێران ئاڵای خۆڕاگرییان لە سەر شانە و تا کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی دەست لە چالاکی هەڵناگرن.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە لە کۆتاییدا داوایان لە کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهان کردووە تاکوو ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر ئەم حوکمە نادادپەروەرانە دەربڕن و بەرگری لە گیانی وریشە و هەموو بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لە ئێران بکەن.
وریشە مورادی ناسراو بە جوانا سنە هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە نزیک شاری سنە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤێن کرا.
ناوبراو ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ و پاش تێپەڕکردنی زیاتر لە ساڵێک بەندکران لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەری مەرگ، ئەبولقاسم سەڵەواتی، بەتۆمەتی بەغی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر کرا.