کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و بانە پاش دەسبەسەرکرانیان

19:19 - 24 خەزەڵوەر 2724

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فەرشاد شوکروڵڵا خەڵکی سەقز و ڕەزا ئەحمەدپوور خەڵکی بانە دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی فەرشاد شوکروڵڵا هاووڵاتیی خەڵكی سەقز، ناوبراو هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ فەرشاد شوکروڵڵا ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەقز دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەربوونی ٤٨ ڕۆژ چارەنووسی نادیارە.

سەرچاوەی کوردپا وتی، لەم ماوەیەدا بەدواداچوونی بنەماڵەی شوکروڵڵا لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سەقز و سنە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان وڵامێكیان پێ نەداوەتەوە.

ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، فەرشاد شوکروڵڵا دوابەدوای هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی لە سەقز دەسبەسەر کرا و دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو لەوانە، مۆبایل و لەپتابەکەیدا گرتووە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕەزا ئەحمەدپوور، کوڕی ساڵح و خەڵکی گوندی بەردەڕەش سەر بە شاری بانە، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لە سەفی پۆمپی بێنزین دەسبەسەر کرا.

ناوبراو کە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ شوینێکی نادیار ڕاگویزاروە و لە مافی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەوەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

 جێگەی ئاماژەیە کە دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و سنە بە ناوەکانی ڕزگار ڕەوشەنی و هێمن محەممەدی پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک لە دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، چارەنووسیان ناڕوونە.