کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی پارتی کۆنسێرواتیڤی نۆروێژ

19:21 - 24 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر، هەیئەتی کۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە هیوا ئەحمەدی، پەخشان فەتاحی، عەلی یەگانە، کامیل کەریمی و سانیا کەریمی لەسەر بانگهێشتی ڕەسمی پارتی کۆنسێرڤاتیڤی نۆروێژ لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو پارتە لە شاری ئۆستفۆڵد بەشداری کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات وەک تاقە هێزێکی سیاسی، بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو پارتەی کرد کە لە فرێدریکستاد بەڕێوە چوو. جێگای ئاماژەیە کە لەلایەن بەڕێوەبەریی ئەو پارتە، بەتایبەت بەرپرسی یەکەم واتە ڕێبەری پارتەکە ئەریک سێللە  پێشوازێکی گەرم لەو هەیئەتە کرا.

 لەو کۆنفرانسەدا وێڕای باسکردن لە پرس و بابەتی نێوخۆیی و دەرەکی لەلایەن بەرپرسانی ئەو پارتەوە، باسی کورد و خەباتی نەتەوایەتی کورد بەتایبەت خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا کە بە تەواوی ئەو خەباتەیان بە دژی سەرەڕۆیی و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرز نرخاند.

هەروەها هیوایان خواست کە کورد یەکگرتوو بێ و یەکگرتووانە وەک بەدیل و ئاڵترناتیڤێکی بەهێز لە ئەگەری نەمانی ڕێژیمی ئێستای ئێراندا، دەور و ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن بە خۆشحاڵییەوە خوازیاری درێژەدانی ئەو پێوەندییانە بوون و ئەو هاوپێوەندی و کۆبوونەوانەیان بە پێویست زانی.