ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ حاڵەتی لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمەوە جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە مافی مرۆییە، دە کەس لە بەندیخانەی قزڵحەسار، حەوت کەس لە بەندیخانەکانی ورمێ، کاشان، تەوریز و ئامۆل لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوی مادی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحەسار لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەردا، گرووپێک لە دژبەرانی سزای لەسێدارەدان و کەسانی نزیک لە بەندکراوانی مەحکووم بە لەسێدارەدان، لە بەردەم ئەم بەندیخانەیە کۆ بوونەتەوە کە پۆلیس و گاردی ئەمنییەتیی بەندیخانە کۆبوونەوەکەیان تووشی ئاڵۆزی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان لەو حەڤدە کەسە، یەک کەسیان ژن و یەک کەسیشیان ئەفغانستانی بووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، مای ساتۆ ڕیپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە زۆربوونەوە و ڕێژەی زۆری لەسێدارەدانەکان بەتایبەت لە مانگەکانی دواییدا لە ئێران نیگەرانیی دەربڕی و ڕایگەیاند کە بەپێی پەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی، سزادان و دەرکرانی سزای لەسێدارەدان دەبێ کەم بکرێتەوە و تەنیا بۆ تاوانی گەورە لەبەرچاو بگیردرێت.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بە مەبەستی دژایەتیکردن لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای سێدارە، لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ دەستی پێ کردووە و پێی نایە نێو ٤٢ـەمین حەفتەی خۆیەوە.
هەتا ئێستا ٢٥ بەندیخانەی: نەغەدە، ورمێ، خۆی، سەڵماس، کامێران، مەریوان، بانە، سەقز، بەندیخانەکانی ئێڤین ''بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨ی پیاوان''، قزڵحەسار''یەکەکانی ٣ و ٤''، ناوەندی کەرەج، تاران، ئەراک، خوڕماوا، ئەسەدئاوای ئێسفەهان، شەیبانی ئەهواز، نیزامیی شیراز، بەم، کەهنووج، مەشهەد، قائێمشەهر، لاکان، ڕەشت، ئەردەبێڵ، تەورێز و دەستگردی ئێسفەهان، پەیوەست بە کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان بوون.