کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکردنی وریشە مورادی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی

16:34 - 27 خەزەڵوەر 2724

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، وریشە مورادی زیندانی سیاسی کە بەهۆی ٢٠ ڕۆژ مانگرتنی لە خواردن کۆ ئەندامی هەرسی تووشی کێشە بووە، هاوکات لەو کاتەوەی کە سزای لەسێدارەدان بەسەردا سەپاوە، لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم تۆڕە، بڕیار بوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وریشە مورادی لەسەر حیسابی خۆی بگوازرێتەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، بەڵام دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان، بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاند کە دەرچوونی ناوبراو لە زیندان قەدەغەیە.

وریشە مورادی، چالاکی سیاسیی کورد لە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە ئێستادا بە بڕیاری دامودەزگا ئەمنییەکانی زیندانی ئێڤین مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکیی لێ قەدەغە کراوە.

وریشە مورادی مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە نزیک سنە دەسبەسەر کرا و لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە زیندانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ناسراو بە بەندی ٢٠٩ بۆ زیندانی ئێڤین و بەشی ژنانی ئەو زیندانە گواسترایەوە.

لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لە یەکەم دانیشتنی دادگاییدا، بەناو دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ناوبراودا سەپاند.