ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، سێمینارێکی سیاسی لە ژێر ناوی "شۆڕشی ژینا، لووتکەی ناسیۆنالیزم و کەلێنی وێژمانی بزاڤ و کۆمەڵگە"، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی نۆرد یوولەندی وڵاتی دانمارک، بۆ بەڕێز تەها ڕەحیمی، لە شاری ئالبۆرگ بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی " ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، لەلایەن خاتوو ئافاق یووسفییەوە دەستی پێ کرد.
دواتر تەها ڕەحیمی، بە باسێکی تێر و تەسەڵ لەسەر مودێلە بەرچاوەکانی نەتەوەسازی لەسەر ئاستی دونیادا، لە چەند ڕوانگەی جیاوازەوە پەیوەندییە دوولایەنەکانی دەوڵەت -نەتەوەی شرۆڤە کرد.
بەڕێز ڕەحیمی لە بەشێکی دیکە لە باسەکەیدا، توخمەکانی ناسیۆنالیستیی لە شۆڕشی ژینادا هێنایە بەر باس و گرینگیی شۆڕشی ژینا و لێکەوتەکانی و هەروەها گرینگیی وێژمانێکی نەتەوەیی هاوشانی شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕوون کردەوە. بە ڕای ئەو، شۆڕشی ژینا نەک هەر بزوێنەرێکی بەهێز بوو بۆ تێگەیشتنی زیاترلە ئازادی و چەمکە سیاسییەکانی دیکە، بەڵکوو قەڵەمبازێکیشە لە مێژووی نەتەوە و نەتەوەسازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و دوای ئەو شۆڕشە سنووری فەرهەنگی و وێژەمانی کورد ئاستێکی زۆر بەرینی بڕیوە و هەتا ئێستاش ئەم پرۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتدا ڕوو لەگەشەیە.
لە بڕگەی دواییدا بەشداربووان بە پرسیار، تێبینی و سەرنجەکانیان سێمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.