کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی دەیان دامەزراوە لە شۆرای مافی مرۆڤ بۆ ئازادکردنی نەرگس محەممەدی

11:11 - 29 خەزەڵوەر 2724

زیاتر لە ٤٠ ناوەند و دامەزراوەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی قەڵەم لە سەرانسەری جیهان خوازیاری دەستێوەردانی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی نەرگس محەممەدی زیندانیی سیاسی لە ئێران بۆ وەرگرتنی چارەسەرکردنی پزیشکی بوو کە دۆخی تەندروستی و باری جەستەیی ناوبراو خراپ ڕاگەیەندراوە.

ئەو دامەزراوانەی داکۆکیکاری ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ لە نامە هاوبەشەکەیاندا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بڵاویان کردووەتەوە، جەختیان لەسەر پێویستیی بەپەلەی چاودێریی پزیشکی بۆ نەرگس محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی کردووە.

واژۆکارانی ئەم نامەیە داوایان لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە لە کۆبوونەوەی خۆیاندا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لە ژێنێڤ بەڕێوە بچێت، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران بکەن لە ڕووی مرۆڤیشەوە بێت مۆڵەتی پزیشکی بە نەرگس محەممەدی بدەن.

نەرگس محەممەدی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و سەرەڕای چەندین جار جەڵتەی دڵ، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین ڕێگرییان لە ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی ئانژیۆگرافی کردووە.

هەروەها ماوەیەک پێش مستەفا نیلی، پارێزەری ناوبراو، ڕایگەیاند کە گرێیەکی گوماناوی شێرپەنجەیی لە قاچی ڕاستی نەرگسدا دەستنیشان کراوە و بۆ نەشتەرگەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەڵام داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە نامەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە نەرگس محەممەدی تەنها دوو ڕۆژ دوای نەشتەرگەرییەکەی، بە پێچەوانەی داواکاریی پزیشکەکان و داواکاریی پارێزەرەکەی بۆ مۆڵەتی پزیشکی گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.

نەرگس محەممەدی بە گشتی ١٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها سیستەمی بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیندانی بوونیدا دۆسییەی نوێی لە دژی تۆمار کردووە و سزای نوێی بۆ دەرکردووە.

 

شایانی باسە ئەم نامەیە لەلایەن ئەنجومەنی قەڵەم لە ئەمریکا، کانادا، ئۆتریش، نۆروێژ و سوئد و ڕێکخراوەکانی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور، ڕێکخراوی جیهانی دژی ئەشکەنجە و دامەزراوەی عەبدولڕەحمان برومەند واژۆ کراوە.