کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی چەند زیندانیی سیاسی

11:14 - 29 خەزەڵوەر 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم هەشت زیندانیی سیاسی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها دۆسییەی چوار زیندانیی سیاسی بەلووچ ڕەوانەی لقەکانی جێبەجێکردنی حوکمەکان کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و سەبارەت بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ زیندانییانی سیاسیی ئێران هۆشداری دا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران شەپۆلی نوێی حوکمی لەسێدارەدانی بە هۆشدارییەک بۆ جێبەجێکردنی خێرا و نزیکی ئەو حوکمانە بە ئامانجی چاندنی ترس لە کۆمەڵگادا زانیوە و داوای لە خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بە کاردانەوەی ناڕەزایەتیی گونجاو ڕێگری لە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بکەن.

ئەم ڕێکخراوە هەروەها هۆشداری داوە کە بەهۆی گرینگیدانی میدیاکان بە هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کۆماری ئیسلامی زیاتر لەسێدارەدان ئەنجام دەدات، هەربۆیە پێویستە بیروڕای گشتی و میدیاکان گرینگیی زیاتر بە مافەکانی مرۆڤ و یەک لەوان لەسێدارەدان بدەن.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند؛ کەمیی تێچووی سیاسیی لەسێدارەدانی سەدان زیندانی بە تۆمەتی ناسیاسی لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژیم لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و زیندانییانی سیاسی چڕتر بکاتەوە.

ناوبراو سەرەڕای جەختکردنەوە لەوەیکە کۆماری ئیسلامی خرابترین قۆناغی خۆی تێدەپەڕێنێت و تەنیا بە پەنابردن بۆ سەرکوت و ئێعدام دەتوانێت لە مانەوە بەردەوام بێت.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها ئاماژەی بە حوکمی لەسێدارەدانی وریشە مورادی هاووڵاتیی کورد و زیندانیی سیاسی کرد و ڕایگەیاند کە دادوەری ئەم دۆسییەیە  بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لەو دادگاییانەی کە دیارترین بنەماکان پێشێل دەکەن ناسراوە.