کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: تەنیا بە دیاریکردنی کوردێک بە جێگری سەرکۆمار ویفاقی میللی پێک‌نایە

11:59 - 30 خەزەڵوەر 2724

مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ "کوردستان" ڕایگەیاند "سەرەڕای توندوتیژتربوونی ڕێژیم بەدژی خەڵک و پەرەگرتنی ئێعدامەکان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵات هەروا بەردەوامە. خەڵک وازی لە ماف و داخوازییەکانی خۆی نەهێناوە و لەگەڵ ئەوەیکە خوازیاری شەڕ نین، بەڵام لە لاواز دەرکەوتنی ڕێژیم و تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکان خۆشحاڵن."

بەڕێزیان لە هەڵسەنگاندنی کارنامەی نیزیک بە چوار مانگی سەرکۆماریی مەسعوود پزشکیان و مانۆڕی تەبلیغیی دەوڵەتەکەی لەسەر بەناو "ویفاقی میللی" ڕایگەیاند "دیاریکردنی کوردێک وەکوو جێگری سەرکۆمار لە ئاستی خۆیدا بە کارێکی باش دادەنێم، بەڵام ئەمە وەکوو کرانەوەیەک بەڕووی ئازادی و گەشەکردن لە ئێراندا نابینم. چوونکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ماهییەتی نیزامەکە کە لە حکومەتی وەلایەتی فەقیهـدا شکڵی گرتووە، هێژموونیی بەسەر سەرجەم جومگەکانی ڕێژیمەکەدا سەپاندوە و بەکردەوە دەوڵەت و یاسا و ئەوانی دیکە خاوەنی ئوتوریتەیەکی ئەوتۆ نین کە تەنانەت ئەگەر بشیانهەوێ، بتوانن ئاوڕدانەوە و کرانەوەیەک بکەن."

 بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ دەرەنجامەکانی هاتنەوەسەرکاری دۆناڵد ترامپ و کاریگەریی لەسەر پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی داهاتوو پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە :خەڵکی ئێران بەدەر لەو ئەگەر و نەگەرانە دەبێ بۆخۆیان بە یەکگرتوویی و خۆڕاگری و پشتبەستن بە هێزی خۆیان، خۆیان بەهێز بکەن و لە خەبات نەوەستن و بەهیوای هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبن کە ئەوان ڕزگار بکەن".