هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبردا لانیکەم ٥١ هاووڵاتی لەوانە ٢٠ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی "هەنگاو" لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٥١ هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێێ ئەم ڕاپۆرتە، ٢٠ هاووڵاتیی کورد، ٢١ هاووڵاتیی بەلووچ، ٦ چالاکی ژن، ٥ منداڵ و ٣ کەس کە تازە بوونەتە مەسێحی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لەم مانگەدا و لە پارێزگای سنەدا ١٢ هاووڵاتی، لە ورمێ ٧ هاووڵاتی و لە پارێزگای ئەلبورز هاووڵاتییەکی کورد دەسبەسەر کراون.
هەروەها بەلووچستان بە ٢١ حاڵەت واتە ٤١ لەسەد و کوردستان بە ٢٠ حاڵەت واتە ٣٩ لەسەدی دەسبەسەرکراوان، بە گشتی ٨٠ لەسەدی کۆی گشتی دەسبەسەرکراوانی مانگی ئۆکتۆبر پێک دێنن.
لەم پێوەندییەدا، لانیکەم ٦ چالاکی ژن واتە ١٢ لەسەدی کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوان لەوانە دوو هاوڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان لە مانگی ئۆکتۆبردا لەلایەن ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کراون.